زانکۆی دهۆک کۆلێژی هونەرە جوانەکان دەکاتەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
زانکۆی دهۆک ژمارەی کۆلێژەکانی دەکات بە 20 دانە و کۆلێژی هونەرە جوانەکانیش دەکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری فەرمی دەرچووە.
عیسمەت خابور، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی دهۆک بە 964ی وت، بڕیارە بەم نزیکانە سەرۆکایەتیی زانکۆکە کۆببێتەوە بۆ دابینکردنی شوێنی پێویست بۆ کۆلێژە نوێیەکە.
هەر لەو کۆبوونەوەیە بڕی بودجەی پێویست بۆ کردنەوەی کۆلێژی هونەرە جوانەکان دیاریدەکرێت.
لەئێستادا لە زانکۆی دهۆک دوو بەشی گرێدراو بە کۆلێژی هونەرە جوانەکانەوە هەن، کە ئەوانیش بەشی دراما و شێوەکارین و بڕیارە بگوازرێنەوە سەر کۆلێژە نوێیەکە.
زانکۆی دهۆک لە رێککەوتی 31.10.1992 دامەزراوە و ئەوکاتە تەنیا کۆلێژەکانی پزیشکی و چاندن هەبوون و 149 خوێندکاری هەبوو.
ئێستا زانکۆکە خاوەنی 19 کۆلێژە و 22 هەزار و 942 خوێندکانی هەیە و بە کردنەوەی ئەم کۆلێژە نوێیە ژمارەی کۆلێژەکانی دەبن بە 20 دانە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر