لە هەڵەبجە 391 ماتۆڕ گیران و پانكرانەوە
+964
كوردستان ئەحمەد
بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە 391 ماتۆرسكیلی دەستگیركرد و هەرهەموویان پانكرانەوە.
لە 24 كاتژمێری رابردوودا بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە، هەڵمەتێكی بۆ دەستبەسەراگرتنی ماتۆڕی بێ ناونیشان و بێ ژمارە و بێ سەرەتا دەستپێكرد.
هەڵمەتەكە لە سەر شەقامی سەرەكیی ناحیەی سیروان بۆ هەڵەبجە و لە سنووری عەبابەیلێ و دوو سایدی شەهیدان و ناو بازڕی شارەكە ئەنجامدرا.
بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە دەڵێت، بە بڕیاری ژمارە یەكی ساڵی 2016 سەرجەم ماتۆڕەكان پاندەكرێنەوە و بە شێوەی ئاسن لە فرۆشتنێكی ئاشكرادا دەفرۆشرێن.
ماتۆڕەكان لە جۆری ئێرانی مەكینە بچوكن، لە ناو خەڵكدا پێیان دەوترێت”پێنج ونیو”، هیچ مۆڵەت و ناونیشانێكیان نییە.
هاوڵاتیان سكاڵایان كردووە، خاوەن ماتۆڕەكان بە كۆڵانەكاندا دەسووڕێنەوە و دەنگی بەرزیان پێ دروست دەكەن و ژاوەژاوێكی زۆریان لەناو خەڵكدا دروستكردووە.
هاتوچۆی هەڵەبجە دەڵێت، ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو ماتۆڕانە دەگرن، كە هیچ مەلەفێكیان لە بەڕێوبەرایەتییەكەیاندا نییە.