هه‌ڵبژارده‌ی پایسكلسواریی كوردستان داده‌مه‌زرێت
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
فیدراسیۆنی پایسكلسواریی كوردستان، بڕیاری دا پاڵه‌وانیه‌تیی پایسكلسواری بۆ ئاستی تازه‌پێگه‌یشتووان رێكبخات و هه‌ڵبژارده‌ی كوردستانیش دابمه‌زرێنێت.
فیدراسیۆنی پایسكلسواری به‌شێكی زۆری پرۆگریامی ئه‌مساڵی بۆ كار و چالاكییه‌كانی، له لایه‌ن لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستانه‌وه په‌سند كرا، رۆژی شه‌ممه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان كرد و چه‌ند بڕیارێكیان دا.
كه‌نعان ئیسماعیل، جێگری سه‌رۆكی فیدراسیۆنه‌كه بۆ په‌یجی فه‌رمیی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان ئاشكرای كردووه، له رۆژانی 22 و 23ی مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو، له دهۆك قۆناغی یه‌كه‌می پاڵه‌وانیه‌تیی پایسكلسواری له ئاستی تازه‌پێگه‌یشتووان رێكده‌خات.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، له ماوه‌ی داهاتوودا خولی پێشخستنی ناوبژیوانان و راهێنه‌ران ئه‌نجام ده‌ده‌ن و هه‌ڵبژارده‌ی كوردستانیش بۆ ئاستی كوڕان و كچان داده‌مه‌زرێنن.
به پێی زانیارییه‌كانی په‌یجی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی كوردستان، لیژنه‌كه ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دابینكردنی خه‌رجیی چالاكییه‌كانی فیدراسیۆنی پایسكلسواریی كوردستان بۆ ئه‌مساڵ داوه.