رەیانە دەبێتە یەکەم ژنی عەرەب بچێتە بۆشایی ئاسمان

964+

ئەحمەد عەبدوڵا

رەیانە بارناوی، نزیکە لەوەی مێژوو بنوسێتەوە و ببێتە یەکەم ژنی عەرەب بچێتە بۆشایی ئاسمان.

سبەی یەکشەممە 21.5.2023، گەشتەکەی ئەنجامدەدات وەک بەشێک لە ئەرکی تایبەتی AX-2.

کۆمپانیای (AXIOM SPACE) کە تایبەتە بە تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمان لە بارەی گەشتەکەوە دەڵێت: ئامادەکارییەکان تەواوبوون، گەشتەکە بە موشەکی ئاسمانی Falcon 9 ئەنجامدەدرێت.

موشەکەکە لەسەر سەکۆی وێستگەی SpaceX دراگۆن لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا هەڵدەدرێتە بۆشایی ئاسمان.

بۆ ئەو ئەرکە، چوار کەشتیوانی ئاسمانی هەڵبژێردراون بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکە، ئەرکی سەرپەرشتیکردن دراوەتە (پاگی ویستن)، کە کەشتیوانی پێشووی ناسایە.

جۆن شۆفنەر، کاپتنی کەشتیەکەیە و ئەرکی کەشتیەکەش ئەرکی کۆکردنەوەی داتا و زانیارییە، هەروەها هەماهەنگی دەدرێتە هەردوو کەشتییوان (رەیانە بارناوی و عەلی ئەقەنی) کە بە رەچەڵەک خەڵکی عەرەبستانی سعوودیەن.

حەزە زۆرەکەی رەیانە بۆ شاخەوانی و چالاکییە وەرزشییە بەردەوامەکانی لە تورکیا و ئیندەنوسیا، وایکردووە بگونجێت بۆ بەشداریکردن لە گەشتە ئاسمانییەکەدا.

دڵخۆش و شەڕەفمەندم نوێنەرایەتی خەون و هیواکانی ژنان و خەڵکی سعوودیە دەکەم

رەیانە لە کۆنفرانسی کۆمپانیای (AXIOM SPACE) وتی، هەنگاوەکانی حکومەتی سعوودیە بۆ یەکسانی رەگەزی دڵخۆشکەرن، دڵخۆش و شەڕەفمەندم نوێنەرایەتی خەون و هیواکانی ژنان و خەڵکی سعوودیە دەکەم.

رەیانە بارناوی، لەدایکبووی ساڵی 1988ـی وڵاتی سعوودیەیە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستی زیندەزانی پزیشکی لە زانکۆی ئەلفەیسەڵی وڵاتی سعوودیە، هاوکات هەمان بەشی لە زانکۆی ئۆتاگۆی وڵاتی نیوزیلاند تەواو کردووە.