"هەرلەوێ گەردەنمان ئازاد کرد"
تانکەرێک خۆی کرد بە ناو رانە مەڕێکدا
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
تانکەرێکی سووتەمەنی، دوای ئەوەی توانای کۆنتڕۆڵکردنی نامێنێت، لە رانەمەڕێک دەدات و بەھۆیەوە 15 دانەیان دەمرن.
رووداوەکە دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ شەممە 20.5.2023 لە نزیک گوندی نەسر لەسەر رێگای سەرەکیی ناحیەی عەربەت بۆ ناحیەی زەرایەن لە پارێزگای سلێمانی روویداوە.
ئەمیر شارەزووری، کە خاوەنی سەر ئاژەڵەکانە بۆ 964 ئەوەی ئاشکرا کرد، “لە کاتێکدا رانە مەڕەکەی ویستوویانە بپەڕنەوە ئەوبەری شەقامەکە بۆ لەوەڕ، لەو کاتە تانکەرەکە کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە و بە ناو رانەمەڕەکەدا کەوتووە”.
رێگاکە سلێمانی بە ئیدارەی گەرمیان دەبەستێتەوە، ھاتوچۆی ھەزاران خەڵک و دەیان پرۆژە، پاڵاوگە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێ دەکرێت و ئەو بارھەڵگرەشی لە رانەمەمەرەکەی داوە، بەرەو قەزای کەلار چووە.
ئەمیر وتی، “بە ھۆی رووداوەکەوە 15 سەرئاژەڵم مردوون کە سەرجەمیان مەڕ بوون”، ئەمیر لە بارەی ھەڵوێستی ئەوان لە دەرئەنجامی رووداوەکە ئەوەی وت،”ئێمە لە سایەقی تانکەرەکە خۆش بووین و ھەر لەوێدا وتمان گەردەنت ئازاد بێت”.
تۆڕی 964، چەند جارێک پەیوەندی بە بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی زەڕایەن کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا