لە سەرەتای ئەم مانگەوە رێگری لە هاتنی 600 سەر مەڕی ئێرانی کراوە

964+

فەهمی نەبی

بە پێی ئەو ئامارە بێت هێزی پاسەوانی سنوور ناوچەی یەک بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا لە سنووری ئێرانەوە دەستیانگرتووە بەسەر زیاتر لە 600 سەر مەڕوماڵات.

لە عێراق سێ ناوچەی هێزەکانی سنوور هەیە، یەک، دوو لەگەڵ سێ، ناوچەی یەک، ئەرکی پاراستنی سنوری هەرێمی کوردستانە، کە بارەگاکەی لە هەولێرە.

درەنگانی شەوی رابردوو پاسەوانی سنوور ناوچەی یەک، دەستی بەسەر 160 سەر مەڕدا گرتووە، کە خاوەنەکەی ویستویەتی بە رێگای قاچاخ بیهێنێتە خاکی هەرێم، ئەمە لە کاتیکدایە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە ئەو هێزانە دەستیانگرتووە بەسەر 633 سەر مەڕوماڵات.

سەرجەمی ئەو سەر مەڕوماڵاتانە هەوڵدراوە لە رۆژانی جیاواز لە سنووری ئێرانەوە بە رێگای جیاواز بهێنرێنە خاکی هەرێمی کوردستان، ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشی تای خوێبەربوون، رێکاری نوێێ بۆ هێنانی مەڕوماڵات بڵاوکردووەتەوە.

بە گوێرەی رێنمایی نوێی وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ رێگرتن لە نەخۆشی تای خوێبەربوون، پێویستە ئەو ئاژەڵانەی لە سنوورەکان بە شێوەیەکی فەرمی دەهێنرێن کەرەنتین بکرێن و ئەوانەشی بە شێوەی قاچاخ دەهێنرێن بە تەواوی قەدەغە بکرێن.

چەند رۆژێک بەر لە ئێستا 964 بڵاویکردەوە، جگە لە هێنانی ئاژەڵ بە قاچاخ، هێنانی مەڕ لە سوریاوە بە شێوەیەکی فەرمییش قەدەغەکراوە.

هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 80 هەزار تۆن گۆشتی ئاژەڵ هەیە و لەو بڕەش 40%ـی لە ناوخۆدا دابین دەکرێت و ئەوەی دیکەی پشت بە ئاژەڵی هاوردە دەبەسترێت، بەڵام جگە لەوەی بە شێوەیەکی فەرمی ئەوەی رێگەی پێدراوە، بە وتەی پاسەوانی سنور ناوچەی یەک، رۆژانە هەوڵ هەیە بۆ هێنانی ئاژەڵ لە ئێرانەوە بە شێوەی قاچاخ.