كارەبا و هەورە بروسكە مەترسی بۆ دەغڵودان دروستكردووە
964+
زەید کۆچەر- بەردەڕەش
بەرگری شارستانی بەردەڕەش داوا لە كارەبای شارەكە دەكات ئەو ستوونانە چارەسەر بكات كە لە نێو گەنمی جوتیاراندان لەبەر مەترسی هەورە بروسكە.
ئەمساڵ لە سنوری بەردەڕەش زۆربەی زۆری زەویە كشتوكاڵیەكان كراون بە گەنم، لە ناو زەویەكانیشدا چەندین عەمود هەیە كە كارەبا دەگوازنەوە، مەترسییان لەسەر دەغڵودانەكان دروستكردووە بەهۆی ئەوەی باران دەبارێت و مەترسی هەورەبروسكەیان لەسەرە.
عەقید عوسمان حمە عبداللە،بەرپرسی بەرگری شارستانی بەردەڕەش بە 964ی وت، كەشناسی دەڵێت ئەگەری بارانبارین و هەوەر بروسكە هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە داوامان لە كارەبا كردووە كێشەی ئەو عەمودانە چارەسەر بكات كە لەناو دەغڵودانی هاوڵاتیاندایە و مەترسی هەورە بروسكەیان لەسەرە.
پێشتر ئەم دیاردەیە روویداوە بەهۆی هەورە بروسکە 150بۆ 200 دۆنم زەوی سووتاوە،لەبەر ئەوەی عەمود و تێلی كارەبای لێیە و مەترسی دروستدەكەن.
ئەرشەد محەمەد، بەرێوبەری کارەبای بەردەڕەش، بە 964ی وت، تابتوانین هاوكاری بەرگری شارشتانی دەكەین و بەدوای كێشەكەدا دەڕۆین و ئەو عەمودانە كە بەنێو زەویەكاندا دەڕوات، كارەبای 20 گوندی لەسەرە.
تا ئێستا وەرزی دروێنەی دەغڵودان لە سنوری بەردەڕەش دەستیپێنەكردووە و لە چەند ناوچەیەكی دیكەی هەرێمی كوردستان بەهۆی گەرما و هەوەرە بروسكەوە چەندین دەغڵ و دان و پوش و پاوان سوتاوە.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد