چەند قاڵبێکی زێڕ - وێنە: Reuters
نرخی زێڕ روو لە دابەزینە
دێسکی کوردی
ئەگەرچی لە سەرەتای ئەم مانگەدا نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی خۆی هەڵکشا، بەڵام چەند رۆژێکە رووی لە دابەزینە.
رۆژی 3ی ئایار نرخی یەک کیلۆ زێڕ گەیشتە 64 هەزار و 984 دۆلار، لەکاتێکدا ئەمڕۆ 19ی ئایار، نرخی یەک کیلۆ 63 هەزار و 181 دۆلارە.
ئەو نرخەی 3ی ئایار بەرزترین بوو لەو کاتەوەی لە رۆژی 3ی ئاداری 2022 نرخی یەک کیلۆ زێڕ گەیشتە 65 هەزار و 992 دۆلار.
بەرزبوونەوەکە لە دوای راگەیاندنی سوودی بانکی لە ئەمریکا هات کە بەو هۆیەوە سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەو وڵاتە و بەهای دۆلاریش رووی لە دابەزین کرد.
بەگوێرەی شارەزایانی ئابووری کە 964 سۆراغی کردوون، ئەو دابەزینەی ئەم چەند رۆژەی نرخی زێڕ بەهۆی کۆکردنەوەی قازانجی زیاترە لەلایەن بازرگانانەوە و رەنگە بۆ ماوەیەکی کورت بە رێژەی سنووردار بەردەوام بێت، بەڵام بە گشتی ئاسۆی نرخی زێڕ بەرەو بەرزبوونەوەیە.