حەوت لیست بەشداربوون
31 ساڵ لەمەوبەر یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو
964+
فەهمی نەبی
ئەمڕۆ 31 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە حەوت لیست کێبڕکێیان دەکرد لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی.
یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 19.5.1992 ئەنجامدرا.
دوای راپەڕینی ئاداری خەڵکی باشوری کوردستان لە ساڵی 1991، بەشێوەیەکی کاتی حزبەکان رێککەوتن بەرەی کوردستانی سەرپەرشتی حکومڕانی بکات، دواتر لیژنەیەکی 15 کەسی لە دادوەر، مافپەروەر، یاساناس و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان دروستکرا بۆ نوسینەوەی یاسای هەڵبژاردن.
بەپێی ئەو گێڕانەوەیە بێت ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان نوسیویەتی، یەکەم رەشنووسی یاسای هەڵبژاردنی وەک یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 بە ناوی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستانی عێراق لەلایەن بەرەی کوردستانیەوە پەسندکراوە.
ئەو یاسایە چەند جارێک هەموارکرایەوە، دواینجار هەمواری حەوتەم بوو، بەیاسای ژمارەی 15ی ساڵی 2013.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992، هەر لیستێک بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمان دەبوو بەربەستی %7ی دەنگەکان تێپەڕێنێت، بەڵام جگە لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هیچ لیستێک نەیتوانی ئەو بەربەستە تێپەڕێنێت.
حەوت لیست کێبڕکێیان بۆ 100 کورسی پەرلەمان دەکرد، هاوکات پێنج کورسیش بۆ پێکهاتەی مەسیحی دانرابوو، لەهەر سێ پارێزگاکەی هەرێم 178 بنکەی دەنگدان کرابوونەوە، نزیکەی ملیۆنێک کەس دەنگیاندا.
لە 4ی حوزەیرانی 1992 جەوهەر نامیق سالم وەک یەکەم سەرۆکی پەرلەمان و فواد مەعسوم وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردران.
پەرلەمانی کوردستان لە مێژووی 31 ساڵەی خۆیدا پێنج خولی پەرلەمانی بینیوە، خولی یەکەم ساڵی 1992، دووەم 2005، سێیەم 2009، چوارەم 2013 و خولی پێنجەم 2018 بوو کە تا ئێستا بەردەوامە.
بەهۆی ئەو بارودۆخ و گۆڕانەی لە عێراق هاتەکایەوە، خولەکانی پەرلەمان لە ساڵەکانی 2002 تا 2004 ناوی لێنرا خولی گواستنەوە.
ئێستا ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان 111 کورسییە و بەسەر 17 فراکسیۆن دابەشبوون