تیکتۆک لە ویلایەتێکی ئەمریکا قەدەغەکرا

964+

ئەحمەد عەبدوڵا

مۆنتانا بووە یەکەم ویلایەتی ئەمریکا کە تیکتۆکی لە دانیشتوانی قەدەغە کرد.

ئەم بڕیارە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی 2024 جێبەجێ دەکرێت.

بڕیارەکە ئەوانە ناگرێتەوە کە پێش ئەو رێکەوتە هەژماری تیکتۆکیان هەبووە.

گرێگ گیانفۆرت حاکمی ویلایەتی مۆنتانا، رۆژی چوارشەممە، 17.5.2023، واژۆی لەسەر پەڕاوی قەدەغەکردنی پرۆگرامی تیکتۆک کرد.

“ئەرکی هاوبەشی هەموومانە، هاوڵاتیانی مۆنتانا لە چاودێریی حیزبی کۆمۆنیستی چینی بپارێزین”، حاکمی ویلایەتی مۆنتانا وای بە یاساناس و پارێزەرانی ویلایەتەکەی وتووە.

چاوەڕواندەکرێت پلاتفۆرمی تیکتۆک تانە لە بڕیارەکەی دادگای مۆنتانا بدات، دوای ئەوەی رایگەیاند، ئەپڵیکەیشنەکەیان لە مۆنتانا، سەدان هەزار بەکارهێنەری هەیە و بە بەردەوامی کار دەکەن بۆ ئەوەی مافەکانیان بپارێزن.

یاسا نوێیەکەی مۆنتانا، ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە ئێستا ئەپڵیکەیشنەکە بەکاردەهێنن، تەنیا رێگە لە دابەزاندنی نوێی ئەپڵیکەیشنەکە دەگرێت.

لە مانگی 12ی پارەوە تیکتۆک لە دامودەزگا حکومییەکانی ویلایەتەکە قەدەغەکراوە.

نیسانی ئەمساڵ، تیکتۆک لە هەموو فەرمانبەرێکی حکومیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قەدەغە کرا.

واشنتۆن چەند جارێک تیکتۆکی بە سیخوڕیکردن بۆ پەکین تۆمەتبارکردووە، ئەگەرچی کۆمپانیای تیکتۆک ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و شۆو زی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، چەند جارێک وتوویەتی، “ئێمە سیخوڕی لەسەر ئەمریکییەکان ناکەین”.

تیکتۆک لە لایەن کۆمپانیای چینی بایت دانس خاوەنداری دەکرێت و لە ساڵی 2017 خرایە بازاڕە ئەلیکترۆنییەکان، ئێستا سەرو ملیارێک و 600 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە لەسەر ئاستی جیهان.