“سەحه‌ شینه‌كه‌” بەرامبەر کرێی مانگانە گەیشتە بەریتانیا


ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا

خزمەتگوزاری ڤێریفای له‌ فه‌یسبووك، كه‌ به‌ “سەحە شینەکە” ناسراوه‌، بەرامبەر بە کرێی مانگانە دوای (ئەمریکا، نیوزیلاند و ئوستڕالیا) ئێستا لە بەریتانیاش بەردەستە.

شوباتی ئەمساڵ کۆمپانیای مێتا خزمەتگوزارییەکی نوێی راگەیاند بە ناوی (Meta Verified) کە خزمەتگوزارییەکە بۆ ناساندنی پەیج و ئەکاونتە تایبەتەکانی بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینستاگرامە، بەرامبەر بە کرێی مانگانە.

خزمەتگوزارییەکە سەرەتا تەنیا لە (ئەمریکا، نیوزیلاند و ئوسترالیا) بەردەست بوو، بەڵام کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، ئێستا خزمەتگوزارییەکە لە بەریتانیاش بەردەستە.

کۆمپانیای مێتا مەرجەکانی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە ئەمانەن:
1- پێویستە بەکارهێنەر تەمەنی سەروو 18 ساڵ بێت
2- هاوتابوونی ناوی ئەکاونت و ناسنامەی نیشتمانی بەکارهێنەر
3- کرێی مانگانەی خزمەتگوزارییەکە بۆ سیستمی (IOS) 14.99 دۆلاری ئەمریکییە و بۆ سیستمەکانی دیكه‌ 11.99 دۆلاری ئەمریکییە

“بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکە هێڵی گەرمیان بۆ دەکرێتەوە”

خزمەتگوزارییەکە چەند سوودێکی بۆ بەکارهێنەرانی هەیە، گرنگترینیان نەهێشتنی مەترسی هاککردنە لەسەر ئەکاونتەکە و کردنەوەی هێڵێکی گەرمە بۆ چارەسەرکردنی راستەوخۆی کێشەکانی بەکارهێنەر، جگە لەمانە بەکارهێنەر کۆمەڵە ستیکەرێکی تایبەت و کەرەستەی زیاتری بۆ ستۆریکردن دەستدەکەوێت.

ناساندنی ئەکاونتی فەیسبووک یان ئینستاگرام، پێشتر پرۆسەیەکی ئاڵۆز بوو، چەندین مەرجی هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک بووە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر، بڕیاری دا پێدانی “سەحی شین” بکات بە کرێی مانگانە و دوای ئەو هەنگاوەی، چەند کۆمپانیایەکی دیكه‌ش هەمان خزمەتگوزارییان راگەیاند.