تۆپی پێی یانەی هەریر. فۆتۆ: +964
“یانەی هەریر بە خۆبەخشی بەڕێوەدەچێت”
شۆڕش هەرکی – هەولێر
یانەی هەریر، دوای چەند سالێک دابڕان لە تۆپی پێ و چالاکییە وەرزشییەکان، سەرەتای ئەمساڵ گەڕایەوە ناو کێبرکێ و یاریگەکان.
یانەی هەریر لە ساڵی 1997 دامەزراوە و تایبەتە بە ناحیەی هەریر و دەوروبەری.
عومەر سورچی، سەرۆکی یانەی هەریر بە 964ی وت: دوای ساڵی 2012 مۆڵەتی یانەکەیان لە ئێمە وەرگرتەوە، بە هۆکاری ئەوەی دەڤەرەکەمان ناحیەیە نەک قەزا، بەڵام دوای هەوڵ و کۆششی زۆر توانیمان وەریبگرینەوە و سەرەتای ئەمساڵ بگەڕێینەوە ناو چالاکی و پاڵەوانیەتییەکان.
ئەو دەلێت: “سەرجەم یاریزانەکانمان خۆبەخشن و کوڕی دەڤەرەکەن، هیچ یاریزانێکی دەرەوەی سنووری هەریرمان نییە، لە شۆفێری پاسەکەوە تا سەرۆکی یانە، سەرجەمیان خۆبەخشن و بە خۆڕایی کار دەکەن”.
یانەی هەریر، پێش ساڵی 2012 بەشداری لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان دەکرد و تیپی یارییەکانی وەک، تۆپی پێ، تێنس، بالە، باسکە و تۆپی پێی ئافرەتان و یاریی دیكهی ههبوو.
ئەرشەد رەسوڵ، راهێنەری یانەی هەریر بە 964ی وت: لە ماوەی دوو هەفتە زیاتر لە 100 یاریزانی دەڤەرەکەمان تاقیکردنەوە و لە ناویاندا 35 یاریزانمان هەڵبژارد، چونکە هەموویان کرێکار و فەرمانبەر بوون، بۆیە ویستمان بۆشاییەکە پڕبکەینەوە بە یاریزانی زۆر، نەوەک کێشەی یاریزانمان بۆ دروست ببێت”.
یانەی هەریر لە قۆناغی یەکەمی خولی پلە دووی کوردستان ماڵئاوایی کرد، بهڵام یانەکە لە هەوڵدایە بۆ وەرزی نوێ چەند یاریزانێکی پیشەگەر بباته ریزەکانییهوه، تەواوی خهرجییهكانی یانهكهش لە لایان كهسانی دهوڵهمهند و دهستدرۆیشتووی سنوورهكه دابین دهكرێت.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا