ساڵی رابردوو 300 هەزار مەتر قیرتاو کراوە

94 ملیۆن دینار بۆ قیرتاوکردنی شەقامەکانی سلێمانی تەرخان کرا

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

زیاتر لە 94 ملیۆن دینار بۆ قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شاری سلێمانی تەرخان کرا، پارەکە وەزارەتی شارەوانی دابینی کردووە.

لە کۆی 226 گەڕەک لە ناو شاری سلێمانی، نزیکەی 90 گەڕەکیان قیرتاو نەکراون.

ساڵی رابردوو شارەوانیی سلێمانی 300 هەزار مەتر قیرتاویان کردووە و دەیانەوێت ئەمساڵ زیاتری بکەن.

ئەگەر باسی پێویستی بکەین بە دووئەوەندەش تەواو نابێت، چونکە بەردەوام داخوازی و گەڕەک و شەقامی نوێ بۆ قیرتاوکردن دروست دەبن. ئەمە وتەی زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانییە بۆ 964.

کارگەی قیری تانجەرۆ، کارگەی تایبەتی شارەوانیی سلێمانییە. ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی یەک تا کۆتایی مانگی سێ بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە لە بەرهەمهێنان دەوەستێت.

زەردەشت رەفیق وتیشی، دەمانەوێت ئەمساڵ رێژەی قیرتاوکردن بەرزبکەینەوە و ئەو پارەیەش هاوکاریمان دەکات بۆ ئەو مەبەستە.