ئەم پێنجشەممەیە پارکی شار دەکرێتەوە

964+

فەهمی نەبی

چوار مانگە پارکی شار کە یەکێکە لە پارکە سەرەکیەکانی سەنتەری شاری هەولێر بەهۆی نۆژەنکردنەوەی داخراوە، بڕیارە ئەم پێنجشەممەیە بکرێتەوە.

پارکی شار لە 19.1.2023 داخرا بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی، بڕیاربوو بە 75 رۆژ نۆژەنکردنەوەکە تەواو بکرێت، بەڵام لەو وادەیە نزیکەی مانگێک دواکەوت.

سندوقی دەستەی بانکی عێراقی، تێچووی نۆژەنکردنەوەی پارکەکەی لە ئەستۆگرتووە.

رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر، بۆ 964 دەڵێت: بڕیار بوو ئەم یەکشەممەیە پارکەکە بکرێتەوە، بەڵام سندوقی دەستەی بانکی عێراقی وتیان ئەو وادەیە دوابخەن بۆ رۆژی پێنجشەممە 18.5.2023، چونکە بەڕێوەبەری لقی بانکەکانیان میوانداری دەکەن و لەو رۆژە ئامادە دەبن، هاوکات پارێزگاری هەولێریش ئامادەدەبێت.

رێبین ئەحمەد، ئەوەش دەڵێت، ئەو بڕگانەی دەبوو چاکبکرێنەوە بەو پارەیەی تەرخانکرابوو چاککرایەوە، ئەندازەی پارکەکانیش رێکخستنەوەی چیمەن و درەختەکانی لەخۆگرتووە.

سندوقی دەستەی بانکی عێراقی، بڕی 280 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوی ئەو پارکە تەرخانکردبوو، بەوتەی بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر ئەوەی پارەی زۆری دەویست کێشەی کارەبا و میکانیکی پارکەکە بوو.

پارکی شار، پێشتر بازاڕی دەڵاڵخانە بوو، ساڵی 2009 دەستکراوە بە دروستکردنی و 2010 تەواوبووە، بەیەکێک لە پارکە قەرەباڵغ و سەرنجڕاکێشەکانی هەولێر ناسراوە.