455 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە

زۆری نەماوە سەگەکانی هەولێر ببنە خاوەن لانەی خۆیان

964+

فەرمان سادق

پڕۆژەی دروسیکردنی شەڵتەری داڵدەدانی سەغە بێلانەکان لە قۆناغی کۆتایی دایە و بە تەواوبوونیشی هەڵمەتی گرتن و كۆكردنەوەی سەگەکان و گواستنەوەیان بۆ شێڵتەرەکە دەستپێ دەکات.

ئەو شێڵتەرەی لەو هەولێر بۆ سەگە بێلانەکان دروستدەکرێت لەسەر رووبەری 20 دۆنمە و گوژمەی 445 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.

دروستکردنی شێڵتەرەکە لە کاتێکدا لەماوەی رابردوودا چەندین حاڵەتی پەلاماردانی سەگی بەڕەڵا بۆ سەر منداڵ و گەنج و پیر روویانداوە، بەپێی ئامارەکانیش بێت تەنیا لە مانگی ئاداری رابردوو 70 حاڵەتی پەلاماردانی سەگی بەڕەڵا تۆمار کراوە کە ئەو کەسانەی سەگ پەلاماری داون بۆ چارەسەر پەنایان بردووەتەبەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر.

لە ئێستادا کارەکانى پڕۆژەکە گەیشتۆتە قۆناغى کۆتایی و بەمنزیکانە دەستدەکرێت بە هەڵمەتی گرتن و كۆكردنەوەی سەگەکان و گواستنەوەیان بۆ شڵتەرەکە.

ئەمڕۆ دووشەممە 15.5.2023، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە یاوەری جێگرى پارێزگار و قایمقامى ناوەند و بەڕێوەبەرى گشتی تەندروستى هەولێر و بەرێوەبەرى ڤێتێرنەری سەردانی پڕۆژەکەیان کرد و لەگەڵ ئەندازیارانی سەرپەشتیاری پڕۆژەکە کۆبوونەوە. 

پارێزگاری هەولێر، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە پڕۆژەکە لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا بە کۆتابێت بۆ چارەسەرکردن و دوورخستنەوەی سەگى بێلانە کە بوونەتە هۆى مەترسى بۆ سەر گیانى هاوڵاتیان و بڵاوبونەوەى نەخۆشی و پەتا.