مرور و كۆمپانیاكان كۆبوونەوە

ماتۆڕەكانی دیلیڤەری كۆنترۆڵ دەكرێن

964+
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ و خاوەنی شەش كۆمپانیای دیلیڤەری كۆبوونەوە بۆ قسەكردن لەسەر رەفتار و شێوەی بەكار هێنانی ماتۆڕ لە ناو شاری هەولێر.

لەكۆبونەوەكەدا دوو جۆر رێنمای دراوە بە كۆمپانیاكانی دیلیڤەری كە ماتۆڕیان هەیە بۆ گواستنەوەی كەلوپەلی هاوڵاتیان.

رێنمایی یەكەم، بریتیە لە رێنمای خێرا كە دەبێت كۆمپانیاكانی دیلیڤەری لە ماوەی 24 كاتژمێردا جێبەجێی بكەن، كە بریتیە لە رێكخستنەوەی ماتۆڕەكان، فێركردنیان كە رۆنساید نەڕۆن و هەروەها رێنماییەكانی هاتوچۆ جێبەجێ بكەن و لە كاتی سوربونی ترافیكەكاندا تێنەپەڕن، ئەگەر ئەم رێنماییانەش جێبەجێ نەكرێت لێپێچینەوەی توندیان لەگەڵ دەكرێت.

رێنمای دووەم رێنماییە درێژخایەنەكانە، كە دەربارەی جۆری ماتۆڕەكانە، كۆمپانیاكانی بواری دیلیڤەری لە هەرێمی كوردستان وبەتایبەت لە هەولێر ناچار دەكرێن یان ماتۆڕی تۆماركراو لە كۆمپانیاكانیان بەكار بهێنن یان دەبێت ماتۆڕی شەحن بەكاربهێنن.

لەگەڵ فازڵ حاجی گفتوگۆمانكرد، كە یەكێك بوو لەبەشدارانی كۆبونەوەكە، لەگەڵ كۆمپانیاكان، وتی ئێمە جدین لە جێبەجێ كردنی رێنماییەكان و هەر كۆمپانیایەكیش جێبەجێ نەكات سزای توند دەدرێت بەوردیش هەموو رێنماییەكان جێبەجێ دەكەین.

شەش كۆمپانیای دیلیڤەری لە هەولێر هەیە، زیاتر لە شەش هەزار ماتۆڕیان هەیە، سەرجەمیان كاری دیلیڤەری وگواستنەوەی كاڵا دەكەن لەناو شاری هەولێر.