کارۆئاوییەکەی ناوپردان چاك ده‌كرێته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كار له‌سه‌ر چاككردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى كارۆئاوى گوندى ناوپردان ده‌كرێت، كه‌ ماوه‌ى 14 ساڵه‌ له‌ كاركه‌وتووه‌، قایمقامی چۆمانیش ده‌ڵێت، “بودجه‌ى بۆ دابین ده‌كه‌ین”.

ناوپردان یه‌كێكه‌ له‌و گوندانه‌ى سنوورى قه‌زاى چۆمان، له‌ دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ له‌ رێگه‌ى ئاوى رووبارى پاسانه‌وه‌ پڕۆژه‌یه‌كی كارۆئاوى بۆ دروستكراوه‌، كه‌ له‌ جێى موه‌لیده‌ى كاره‌بایی، كاره‌باى داوه‌ته‌ دانیشتووانى گونده‌كه‌، كه‌ نزیكه‌ى 100 خێزان ده‌بن.

شه‌ماڵ ناوپردانى دانیشتووى ئه‌و گونده‌، به‌ 964ـى وت، له‌ ساڵى 2009وه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یان له‌كاركه‌وتووه‌، كه‌ بۆ دانیشتووانى گونده‌كه‌یان زۆر باش بووه‌، “له‌دواى بڕانى كاره‌باى نیشتمانى، له‌ رێگه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه‌ كاره‌با به‌ گونده‌كه‌ دراوه‌ و بۆشاییه‌كى زۆرى پڕكردووه‌ته‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، دوێنێ قایمقامی چۆمان سه‌ردانى ناوپردانى كردووه‌ و باسى له‌ چاككردنه‌وه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كراوه‌.

سواره‌ ئه‌كره‌م، قایمقامی قه‌زاى چۆمان له‌ لاپه‌ڕه‌ فه‌رمییه‌كه‌ى فه‌یسبووكیدا نووسیویه‌تى “بۆ مەبەستی  وەستان لەسەر پرسی کارەبا لە ناوپردان و سوودوەرگرتن  لە وزە نوێبوەکان، پڕۆژە کارۆئاوییەکەی ئەم گوندەمان لە نزیکەوە دیت”.

باسی له‌وه‌كردووه‌، ده‌یانه‌وێت پڕۆژه‌کە زیندوو بكه‌نه‌وه‌، “مەبەستمان زیندووکردنەوەی وؽستگەکەیە، به‌ڵێنمان وایه‌ بودجە بۆ زیندووکردنەوەی پڕۆژەکە تەرخان بکرێت، لەم رووە هەوڵی جدی ده‌دەین” .