فەرماندەیەکی پێشمەرگە: ئێستا دۆخەكە ئارامە

964+
دێسکی کوردی

وریا زیارەتی فەرماندەی لیوای 21ی هێزەکانی پێشمەرگە بە 964ی وت، شەڕەکەی گوێڕ بەردەوامە و چەکدارەکانی داعش تەنیا چوار کەسن، دەوریان گیراوە و “ناهێڵین رزگاریان ببێت”.

ئەو فەرماندەیە وتی ئێستا خۆی و هێزەکەی لەناو شەڕەکەدان.

لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە، لە گوندی کەپران سەر بە ناحیەی گوێڕ، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک چەکداری داعش هەیە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

ناحیەی گوێڕ دەکەوێتە سنوری قەزای مەخمور لە پارێزگای هەولێر.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوێنێ پێنجشەممە، ئەو چەکدارانە شوانێکی ناوچەکەیان دەستگیرکردووە، ترساندوویانە و دواتر ئازادیان کردووە.

سەرچاوەیەک لە خەڵکی گوندی کەپران بە 964ی وت، “ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە تەقەیان لێدەکەن و لەو ناوچەیە دووریان دەخەنەوە”.

وتیشی، چوار بۆ پێنج چەکداری داعش لە سنوری ئەو گوندە بینراون کە هاتوچۆیان کردووە.

سەرچاوەیەکی دیکە لە ئاسایشی هەولێر بە 964ی وت، ئەو رووبەڕووبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنێکی هێزەکانی پێشمەرگەیە.

لێرەوە زانیاری نوێ ببینە.