بەنزینەكەیان خراپ بوو

سێ بەنزینخانە لە هەولێر داخران

+964

مەریەم ئەحمەد – هەولێر

لیژنەكانی قایمقامیەتی هەولێر ئەمڕۆ 44 بەنزینخانەیان لە ناو هەولێر پشكنی، تەنیا سێ بەنزینخانە رێنماییەكانیان جێبەجێ نەكردبوو، داخران.

لە هەولێر لەسەر شەقامی شەست مەتری و سەد مەتری و چەند شەقامێكی دیكەی سەرەكی، چەندین بانزینخانە هەن.

ئەمڕۆ قایمقامیەتی هەولێر لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە بكەن لە بەنزینخانەكان تا بزانن، توانیوویانە رێنماییەكان جێبەجێ بكەن یان نا.

سەرەكیترین خاڵی رێنماییەكان بریتییە لە كوالێتی بەنزین و بەرزیی ئۆكتانی بەنزین و نرخی گونجاو، لەگەڵ چەند رێنماییەكی دیكە.

لە كۆی 44 بەنزینخانە لە ناو شاری هەولێر تەنیا سێ بەنزینخانە، رێنماییەكانیان جێبەجێ نەكردبوو، بەنزینەكەیان كوالێتی باش نەبوو.

لیژنەكە ئامێرێكیان پێیە، بەنزین لە ژمێرەر”عەداد”ەكەوە دەكەنە ناو ئامێرەكە ئەگەر ئۆكتانەكەی بەرز نەبێت و كوالێتیەكەی خراپ بێت، یەكسەر بەنزینخانەكە دادەخەن و سزای گەورەی دەدەن، كە بریتییە لە داخستن و سزای دارایی.

ئێستا نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی كوردستان بە 750 دینار دیاریكراوە و نرخی یەك لیتر بەنزینی موحەسەن بە 1000 دینار و نرخی یەك لیتر بەنزینی سوپەر بە 1250 دینار دیاریكراوە.

پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد