هەموو جۆگەكان پاك دەكەنەوە

گوندەكانی خورماڵ دەستیان به‌ جۆماڵكردن كرد

964+

كوردستان ئەحمەد

ئەنجومەنی خورماڵ و گوندەكانی دەوروبەری هەڵمەتێكیان بۆ جۆماڵكردنى باخچه‌كانیان لە سنوری گوندەكانی ناوچەكە ده‌ستپێكردووه‌.

جۆماڵكردن، كرداری پاككردنەوە و رێككردنەوەی ئەو جۆگە ئاوانەی حكومەته‌، كه‌ ئەمبەر و ئەوبەری بە كۆنكرێت دروستكراون و لە رێگەی میراوێكەوە بۆ گه‌یاندن و دابه‌شكردنى ئاو بۆ باخچه‌ و ره‌زه‌كان به‌كارده‌هێندرێت.

جۆماڵكردن كرداری پاككردنەوەی جۆگەو رێگە ئاویەكانە

هەموو ساڵێك لەم وەرزەدا بۆ ماوەی 10 رۆژ هەڵمەتێكی هەرەوەزی لەلایەن ئەنجومەنی گوندەكانەوە بۆ جۆماڵكردن ده‌ستپێده‌كات.

لە سنوری ناحیەی خورماڵ، دوو جۆگەی ئاو دروستكراون، كە ئاوی سەرچاوەی زەڵم لە گوندی ئەحمەدئاوا دەگوازنەوە بۆ زەویە دوورەدەستەكان.

هەڵمەتێكی دە رۆژی بۆ پاككردنەوەكە راگەیەنراوە

جۆگەی یەكەم پێیدەوترێت دەێمیەجۆ، كه‌ ئاو دەگەیەنێتە گوندەكانی ئاوایی رۆستەم بەگ و دێكۆن و خێڵی حەمە و زەویە دێمیەكانی نزیك لە تەپە تۆڵەكە.

جۆگەی دووەم پێیدەوترێت، جۆگەی هێڵانپێ، لە گوندی ناوباخانەوە ئاو دەگەیەنێتە زەویە دێمیەكانی هێڵانپێ و هانەی قوڵ و عامورە و تا نزیكی بانیشاریش دەڕوات.

ئاوی زەڵم دەگەیەنرێتە17گوند

لە ناو خورماڵیش دوو جۆگە لەسەر ئاوی گەنجان دروستكراوە، بە جۆگەی یەكەم دەڵێن دەێمیەجۆ و بە جۆگەی دووەمیش دەڵێن جۆگەی شێخان، كە هەردووكیان ئاو دەگەیەننە سەرجەم زەوی و باخەكانی نزیك خورماڵ و دەوروبەری هەتا دەگاتە گوندی تەكیە، لە نزیك چەمی زەڵم.

شێخ قادر محەمەد، ئەنجومەنی ناحیەی خورماڵ، بە 964ـی وت، لەگەڵ ئەنجومەنی 10 گوند كۆبوینەتەوە بۆ ئەوەی هەڵمەتێك بۆ پاككردنەوەی جۆگەكان دەستپێبكەین.

لەرێگەی چەند میراوێكەوە، نۆرە بۆ وەرگرتن و دابەشكردنی ئاوەكە دادەنرێت، هەر كەسێكیش سەرپێچی بكات سزادەدرێت و گوند و زەویە دەێمیەكان بەپێی پێویست ئاویان پێدەگات و رێگە نادرێت هیچ كەس سنووری ئەو جۆگانە و دەسەڵاتی میراوەكان ببه‌زێنێت.

 چەند میراوێك نۆرە بۆ ئاوەكە دادەنێن

هەندێك لە جۆگەكان، لە نیوەڕێدا شكاون، یاخود بەربەستی گواستنەوەی ئاوەكە تێكچووە، لە هەندێك شوێنیش كونكراوە بۆ ئەوەی ئاوی زیادە ببرێت بۆ زەویەكان یاخود باخەكان، هەموو ئەو شوێنانە پینە دەكرێن و پاكدەكرێنەوە رێكدەخرێنەوە، بۆ ئەوەی كەس بەشە ئاوی نەفەوتێت و ئاوەكەی بەباشی پێبگات.

هەر كەسێك نۆرە ئاو بشێوێنێت سزادەدرێت

لە كۆتایی وەرزی بەهار تا كۆتایی وەرزی هاوین، رێژەی ئاوی سەر زەوی لە هەرێمی كوردستاندا كەمدەبێتەوە، ئەمەش گرفت بۆ خاوەن باخ و زەویە كشتوكاڵی و زەویە دەێمیەكان دروستدەكات، ئەمساڵ بۆ ئەوەی ئەم گرفتە دروست نەبێت ئەنجومەنی گوندەكان دەیانەوێت ئەم گرفتە چارەسەر بكەن.