بازرگانی عێراق: ئاردەکەی سلێمانی بۆ نانکردن کێشەی نییە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە تاقیگەکانی سلێمانی و چەند پارێزگایەکی دیکە، بە ئاردی بایەعی نانی دروستکردووە و دەڵێت، ئاردەکە زۆرباشە و بۆ نانکردن هیچ کێشەی نییە.

ئەو ئاردەی تاقیکراوەتەوە، بڕیارە لەگەڵ بەشەخۆراکی مانگی سێ بدرێتە هاوڵاتیان.

وەزارەتی بازرگانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، تاقیگەکانی کۆمپانیای پرۆسێسکردنی دانەوێڵە لە لقەکانی بابل و سلێمانی، پشکنینیان بۆ ئەو ئاردە کردووە کە لەگەڵ بەشە خۆراکی مانگانە دەدرێت بە هاوڵاتیان.

“تاقیکردنەوەکان ئەنجامێکی باشیان هەبووە و ئاماژەن بۆ باشی ئەو گەنمەی کە کراوە بە ئارد”، کۆمپانیاکە وا دەڵێت.

جگە لە ئاردەکە، تیمێکی وەزارەتی بازرگانی سەرقاڵی جێبەجێکردنی بیرۆکەی دابەشکردنی سەمونن، هاوڵاتیان دەتوانن لە بری ئارد سەمون وەربگرن، وەزارەتی بازرگانیی عێراق وادەڵێت.