"هێڵی سوورە"

عەباس عێراقچی: یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ئێران ناچێتەوە دەرەوە

شۆڕش قادری

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە هێڵی سوورە و لە وڵات ناچێتەوە دەرەوە، بۆ کردنەوەی گەرووی هورمزیش، دەبێ ئەمریکا هەر حەوت مەرجەکەمان قبوڵ بکات.

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە چەند کاتژمێری رابردوودا درۆنێکی ئەمریکا لە جۆری MQ9 لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە لە سەر ئاسمانی گەرووی هورمز تێکشکێنراوە و ئەوەش 58ـەمین درۆنی لەو جۆرەیە کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە خراوەتە خوارەوە.

هاوکات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دۆخی نە شەڕ نە ئاشتی گونجاو نییە و دەبێ ئەم وەزعە کۆتایی پێبێت.

” بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەبێ ئەمریکا هەر حەوت مەرجەکەی ئێمە قبوڵ بکات و ئەگەریش پێشنیارێکیان بۆ جێبەجێکردنیان هەبێ، ئێمە ئامادەی گفتوگۆین”، عێراقچی وادەڵێت.

سەبارەت بە 400 کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێنراو بەڕێژەی 60%، عەباس عێراقچی رایگەیاندووە، “ئەو بابەتە هێڵی سوورە، یەکەم ئەوەی کە یۆرانیومەکە لە وڵات ناچێتەوە دەرەوە و دووەمیش ئەوە لەچوارچێوەی پێداویستی وڵات بەکاردەهێنرێت”.