پڕۆژەكە لە دهۆكە

شایەتحاڵێك: كەلوپەلی پڕۆژەیەكی تەواو نەكراو دەدزرێت

+964

هەژین فەتاح – دهۆک

كەلوپەلی پرۆژەیەكی وەستێنراو لە دهۆك، لە لایەن چەند كەسێكەوە دەدزرێت و تا ئێستاش هیچ سكاڵایەك تۆمارنەكراوە.

پڕۆژەكە لە ساڵی 2015 بەردی بناغەكەی دانراوە، بڕیاربوو بە كەمتر لە دوو ساڵ تەواو بكرێت، بەڵام  حەوت ساڵە تەواو نەكراوە.

پڕۆژەكە لە٪15ی تەواو بووە، بەڵام راگیراوە، بڕیاربوو ئەمساڵ دەستبكرێتەوە بە كارەكانی.

پڕۆژەكە بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵی وەك مانگا و رەشەوڵاغ و مەڕ و بزنە، كە لە ئاییندەدا بەرهەمەكانیان هەناردەی دەرەوەی كوردستان بكرێت، كە یەكێكە لە پڕۆژە گەورەكانی بواری گاوداری لە دێرەلوكە لە گوندی مەهیدێ.

بە پێی بەدواداچونەكانی 964 بە بەهای 980000  دۆلار كەلوپەل و پێداویستی لە بازاڕ بە قەرز بردراوەتە سەر پڕۆژەكە و تا ئێستا پارەكە بۆ خاوەن كەلوپەلەكان نەگەڕاوەتەوە.

سەرچاوەیەك لە نزیك لە پڕۆژەكە بە 964ی وت، ئەو ئاگادارە و شاهێدە كە چەندین كەس كەلوپەلی
ناو پڕۆژەكە “دەدزن” و چەندین جار بینیویەتی ئەو كارەیان كردووە .

كوردۆ ئیسحان بەڕێوبەری وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆكمان پرسی، دیاردەیەكی وەها هەیە و ئێوە تا چەند ئاگادارن، لە وەڵامدا وتی، دەبێت ئەو كەسە بێتە بەڕێوبەرایەتییەكەمان و سكاڵا تۆمار بكات، ئێمەش لیژنەیەكی بۆ پێكدەهێنین.

لە وێنەكاندا دەردەكەوێت بناغەی پڕۆژەكە دانراوە، شیش و چیمەنتۆ و ئاسن لە ناو پڕۆژەكەدا هەیە، چەند هەزار مەترێك زەویش تەخت كراوە.

پێداچوونەوە: کوردستان ئەحمەد