لەسەر گیرفانی خۆیان رێگای گوندەکەیان قیرتاو کرد
964+
زەید کۆچەر – بەردەڕەش
دانیشتووانی گوندێک لە سنووری قەزای بەردەرەش لەسەر گیرفانی خۆیان رێگای ناو گوندەکەیان قیرتاو دەکەن.
گوندی دووگوندانی بچووک، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 55 ماڵ دەبن، سەر بە ناحیەی دارەتووە لە سنووری قەزای بەردەڕەش و تەنیا 12کم لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش دوورە.
درێژی ئەو رێگایەی بەنیازن قیری بکەن دوو کیلۆمەتر دەبێت، بۆ ئەمەش خەڵکی گوندەکە نزیکەی 20 ملیۆن دیناریان کۆ کردووەتەوە.
ئەرکان مەحمود، خەڵکی گوندەکەیە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەیە بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی ئاکرێ دەڵێن پارە نییە، ئەمەش وایکرد ئێمە بڕیار بدەین خۆمان شەقامەکان قیرتاو بکەین و خۆمان رزگار بکەین لە قوڕ و لیتەی زستان.
دەشڵێت: قیرەکە خۆمان کڕیمان، بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی ئاکرێش گرێدەر و عادیلە و تانکەری ئاویان دابینکردووە و کارەکە دەکەن.
دوای ئەوەی چەندینجار داواکاری بۆ قیرکردنی رێگاکانی ناو گوندەکەیان، بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی ئاکرێ ساڵی 2021 رەزامەندی دەربڕی و لیژنەی پشکنینیش سەردانی گوندەکەی کرد، بەڵام وەک خەڵکی گوندەکە دەڵێن، لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەت پێیانیان وتووە بودجە نییە بۆیە شەقامەکانیان بۆ قیرتاو نەکراوە.
لە قەزای بەردەڕەش بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان نییە، بۆیە بۆ کۆنکرێتکردن و قیرتاوکردنی شەقامەکان ناچارن پەنا ببەنەبەر بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی قەزای ئاکرێ کە هاوسنووری قەزای بەردەڕەشە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق