رۆژی شەش بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە هەرێمی کوردساتان لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا ٥٨٨ بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و نزیکەی ٣٨١ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریش دەستیبەسەرداگیراوە، بەگوێرەی ئەنجومەنی ئاساییش.

رۆژی ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جگە لە ٣٨١ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر، ١١٠ شیت حەبی هۆشبەریش دەستیبەسەرداگیراوە.

لەناو دەستگیرکراوەکاندا کە ژمارەیان ٥٨٨ کەسە، ١٠٧ کەسیانی بە “گەورە بازرگانی مادەی هۆشبەر” ناوبردووە، بە رێژەی ناوەندیی رۆژی شەش کەس دەکات.

مادە هۆشبەرەکان کە بڕی ٣٨١ کیلۆگرامە پێکهاتوون لە ١٠ کیلۆ و ٥٩٦ گرام کریستاڵ، ٨٧٦ گرام هێرۆین، یەک کیلۆ و ٨٨١ گرام حەشیش، ١٧٧ گرام جامایکا و ٧١ گرام ماریوانا.

تۆمەتباران لەنیو دوو جلشۆری گەورەدا بڕی ٣٦٧ کیلۆ و ٢٤٠ گرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کبتاگۆنیان شاردبووەوە، ئەوانیش دەستیان بەسەردا گیراوە.

هەر لە رۆژی ٢٠ی مانگی ئاب تاوەکو رۆژی ٢٠ی مانگی تشرینی دووەم، بڕی ٣٨ کیلۆ و ١٩٠ گرام حەشیش دەستیبەسەرداگیراوە کە لەنێو پەموو شاردرابووەوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەركان، لە ماوەی ساڵی رابردوودا یەک هەزار و ٩٤٣ کەس بە تۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون.