فڕۆکەخانەی هەولێر: هەر گەشتیارێک بۆی هەیە تەنیا دوو کارتی لابێت

964+

فەهمی نەبی

فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند، دەستیان بەسەر زیاتر لە دوو هەزار کارت گرتووە، ئەو کارتانە بە مەبەستی بردنەدەرەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بەکارهاتووە، بە پێی بڕیارێکی فڕۆکەخانە هەر گەشتیارێک بۆی هەیە تەنیا دوو کارتی پێبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە ئەکاونتی فەرمی فڕۆکەخانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئەو ئاگادارینامەیەی بڵاوکردووەتەوە.

بە پێی ئەو ئاگادارینامەیە بێت، فڕۆکەخانە دەستیگرتووە بەسەر دوو هەزار و 150 کارت لەجۆری Credit card و Debt card کە بۆ مەبەستی بردنەدەرەوەی پارە بەکارهاتووە.

دوای دەرچوونی رێکارە نوێیەکانی بانکی ناوەندی و توندکردنی رێکارەکانی بردنە دەرەوەی دۆلار لە لایەن حکومەتی عیراق، دیاردەی بردنە دەرەوەی دۆلار لە رێگەی کارت بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە جۆرێک ئەوانەی دەیانەوێت دۆلار ببەنە دەرەوە سوود لە ژمارەیەکی زۆری کارت وەردەگرن و لەو وڵاتەی بۆی دەچن دۆلارەکانیان لە رێگەی کارت رادەکێشن.

فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاندووە لەمەودوا هەر گەشتیارێک تەنیا بۆی هەیە دوو کارتی پێبێت، بە مەرجێک ئەو دوو کارتە بە ناوی خودی گەشتیارەکە تۆمارکرابێت، بەڵام ئاساییە لەهەر بانکێک بێت.

فڕۆکەخانەی هەولێر لەبارەی پێچەوانە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رێکارە یاسایی و داراییە دەڵێت، هەر کەس پێچەوانەی ئەو بڕیارە بکات سزای یاسایی دەدرێت.