گەردەلول بە 40 ئەڵقە دەگەڕێتەوە
964+
فەهمی نەبی
ستافی زنجیرە درامای گەردەلول سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد، بڕیارە بەشی چوارەم و پێنجەمی زنجیرەی گەردەلول بەیەکەوە بەرهەم بێت و بەشێکی سەرەکیی زنجیرەکە لە هەڵەبجە دەبێت و نزیکەی 40 ئەڵقە دەردەچێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ستافی زنجیرە درامای گەردەلول ئەو سەردانەیان بۆ پارێزگای هەڵەبجەیان ئەنجامداوە.
زنجیرە درامای گەردەلول تا ئێستا سێ بەشی لێ بەرهەم هاتووە، دەرهێنەر جەلیل زەنگە کاری نوسینی تێکست و دەرهێنانی بۆ کردووە.
لە بارەی رێکارەکانی بەرهەمهێنانی زنجیرە دراماکە، دەرهێنەر جەلیل زەنگەنە بۆ 964 وتی، “بەشی چوارەم و پێنجەم باس لە ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکات، کەناڵی کوردسات سپۆنسەری کارەکە دەکات، هەموو شتێک ئامادەیە هەرکات بودجەکە ئامادەبوو دەست بە وێنەگرتن دەکەین”.
دەرهێنەری زنجیرە درامای گەردەلول ئەوەشی وت، “گەردەلول بەشی چوار و پێنج بەیەکەوە بەرهەم دێت، نزیکەی 40 ئەڵقە دەردەچێت، جیاوازی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی پێش خۆی ئەوەیە هەرچی مەینەتییەکان هەیە دەردەکەوێت، بۆ نمونە قەدەغەی هاتوچۆ (منع تجول) لە سلێمانی، خۆپیشاندان، کیمیاباران، ئەنفال و راپەڕین تا کۆڕەوەکە”.
دەرهێنەر جەلیل زەنگەنە دەڵێت: سەردانیکردنی پارێزگای هەڵەبجە هەم بۆ رێکارە ئیدارییەکان بوو، لەلایەکی دیکە بۆ دیزاینکردنی شوێنەکان، ئومێد وایە لە ماوەی ئەمساڵ کاری بەرهەمهێنان تەواو بێت.
نوخشە ناسیح، قایمقامی پارێزگای هەڵەبجە لە بارەی سەردانی ستافی گەردەلول بۆ هەڵەبجە بە 964ی وت، “بەڵێنمان بە ستافی زنجیرەی گەردەلول داوە هەموو ئاسانکاریەکیان بۆ بکەین، بە تایبەت ئەو بەشەی کە تایبەتە بە کیمابارانکردنی هەڵەبجە”.
زنجیرە درامای گەردەلول باس لە مەینەتییەکانی خەڵکی باشوری کوردستان دەکات بە دەستی رژێمی پێشووی دەسەڵاتی بەعس، تا ئێستا نزیکەی 90 ئەڵقەی لێ بەرهەمهاتووە.