لە میسڕ
پاشماوەیەکی 97 ساڵە؛ رازێکی نوێی تیمساحی تێدا دۆزرایەوە
ئەحمەد مستەفا
دووبارە پشکنینەوەی پاشماوەیەکی مێژوویی کە نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر لە ناوچەی موقەتەمی قاهیرە دۆزرابووەوە، بووەتە هۆی دۆزینەوەی جۆرێکی نوێی تیمساح کە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 45 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر.
ئەم دۆزینەوەیە لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستیی نێودەوڵەتییە کە بە بەشداری ناوەندی مێژووی بڕبڕەداران لە زانکۆی مەنسوورە و چەند تیمێکی زانستی لە دەرەوەی میسر ئەنجامدراوە.
توێژەرەکان بە یارمەتی تەکنەلۆژیای نوێ، پێکهاتەی ناوەوەی جمجمەکەیان بە وردی پشکنین و بە شێوەی دیجیتاڵ دووبارە بنیاتناوەتەوە، ئەنجامی شیکارییەکان دەریانخستووە کە پاشماوەکە سەر بە جۆرێکی جیاواز و پێشتر نەناسراوە.
تیمی توێژینەوەکە ناوی “هێرۆگافیالیس”ی بۆ داناوە، بەپێی روونکردنەوەی توێژەر دکتۆر هیشام سەلام، هەڵبژاردنی ئەم ناوە پەیوەندی بە ناوچەی دۆزینەوەکە و پەیکەری ئەبو ئەلهۆلەوە هەیە، بە تایبەتی کە بەشێک لە لووتی جمجمەکە ونە، کە لە رووی شێوەوە یادەوەری بێ لووتی ئەبو ئەلهۆل دەکات.
ئەم پاشماوەیە پێشتر بە ناوی “تۆمستوما کایرینسی” ناسرابوو، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەو جۆرە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە جۆرە ناسراوەکانی دیکە نییە و دەبێت وەک جۆرێکی سەربەخۆ بناسرێت.