ساغکردنەوە

پارێزگای هەولێر: ڤیدیۆی ژنە داعشەکان بۆ تۆمارکردنی زنجیرە درامایەک بووە

964+

فەهمی نەبی

چەند رۆژێکە پارچەیەک ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بە شێوەیەکی خێرا بڵاوبووەتەوە و قسەی جیاوازی لەبارەوە دەکرێت.

لە ڤیدیۆکە چەند ژنێک دەردەکەون کە رووبەند و پەچەیان لەسەرە و دەست و پێیان بە زنجیر بەستراوەتەوە، پیاوێکی ریشدار یەکە بەیەکە پەچەی ژنەکان هەڵدەداتەوە، وەک لاساییکردنەوەی کرداری چەکدارانی رێکخراوی داعش لاسایی هەمان رەفتار دەکاتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە هەندێک خەڵک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک نووسیویانە “نمایشێک بۆ هاندانی خانمان تا پەچە بکەن”

هەندێکی دیکە نوسیوویانە نمایشێکی شانۆییە.

964 بەدواداچوونی بۆ راستی بڵاوبونەوەی ئەو ڤیدیۆیە کرد.

سابیر حوسێن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، ئەو ڤیدیۆییە لە کاتی وێنەگرتنی نمایشی زنجیرەی “لیلة السقوط” تۆمارکراوە، ڤیدیۆکە بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

زنجیرەی “لیلة السقوط” باس لە رووداوەکانی نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 دەکات ئەو کاتەی رێکخراوی داعش رووبەرێکی بەرفراوانی لە خاکی عێراق کۆنترۆڵکرد، زنجیرەکە 30 ئەڵقەیە، ناجی تەعمی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و بەشێکی دیمەنەکانی لە شاری هەولێر تۆمارکراون.