750 دەرفەتی کار بۆ هەڵگرتنەوەی پەتاتە هەیە

“ئەمساڵ دوو هێندە ساڵی پار بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵی دەبێت”

964+
فەهمی نەبی

ناوەڕاستی مانگی شەش وەرزی هەڵگرتنەوەی پەتاتەیە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش دەڵێت، ئەمساڵ 25 هەزار دۆنم پەتاتە چێندراوە، بریکارێکی دابینکردنی کرێکار لە ئاکرێ رایدەگەیەنێت، پێویستیان بە 750 کرێکار هەیە بۆ هەڵگرتنەوەی پەتاتە.

وەرزی چاندنی پەتاتە دەکەوێتە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەم و سەرەتای مانگی شوبات، قەزای بەردەڕەش، ناحیەکانی دینارتە و روڤیا ئەو شوێنانەن لە هەرێمی کوردستان ساڵانە رێژەیەکی زۆری پەتاتەی لێ دەچێندرێت.

تەحسین سلێمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵیی بەردەڕەش بۆ 964 دەڵێت، بۆ ئەمساڵ 25 هەزار دۆنم پەتاتە چێندراوە، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی پار 12 هەزار دۆنم چێندرابوو، ساڵی پار 120 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم هەبووە، بۆ ئەمساڵ پێشبینیی دەکەین بۆ ئەمساڵ سەرووی 350 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتەمان هەبێت.

لە بەردەڕەش و ناوچەکانی دەوروبەری دوو شێوازی پەتاتە هەیە، شێوازێکیان بۆ پیشەسازییە، کە چوار مانگی پێویستە بۆ پێگەیشتن، شێوازێکی دیکەی بۆ خواردنە تەنیا سێ مانگی پێویستە، سێ جۆر پەتاتە لە بەردەڕەش بە شێوەیەکی بەربڵاو دەچێندرێت، ئەوانیش سلڤانە، سیڤرە و کۆڵومبییە.

مەروان حەمۆ، بریکاری دابینکردنی کرێکارە لە ئاکرێ بۆ 964 وتی، “لەبەرئەوەی ئەمساڵ رووبەرێکی زۆر پەتاتە چێندراوە، ئێستا پێویستیم بە 750 کارمەند هەیە”.

مەروان دەڵێت، ئەو کرێکارانە پێویستە بۆ ماوەی دوو مانگ رۆژانە شەش کاتژمێر کار بکەن، لە 4ی بەیانی تا کاتژمێر 10 پێویستمان پێیان دەبێت.

بە پێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەرهەمی پەتاتەی ناوخۆ ساڵانە لە 500 هەزار تۆن نزیک دەبێتەوە و پێویستیی ناوخۆ 100 هەزار تۆنە و ئەوەی دەمێنێتەوە، بەشێکی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەناردە دەکرێت و بەشەکەی دیکەی بۆ کارگەکانی چپس لە ناوخۆ تەرخان دەکرێت.