بەدواداچوون؛ ١١٩ کوژراو و دوو هەزار بریندار لە رۆژهەڵاتەوە

964+

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

زیاتر لە دوو مانگ بەسەر گرژی و ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت، تا ئێستا زیاتر لە ١١٩ هاوڵاتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان كوژروان و دوو هەزار کەسیش بریندار بوون، بەگوێرەی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ.

رۆژی ١٦ی ئەیلول لە تارانی پایتەختی ئێران، ژینا ئەمینی كچە خوێندكارێكی كوردی شاری سەقز بەهۆی لەسەر نەكردنی لەچكەوە لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستبەسەر كرا، بە قسەی بنەماڵەکەی، لە كاتی بەڕێكردنی بۆ بنکەی پۆلیس بەتوندی ئەشكەنجەدراوە و دواتر لە نەخۆشخانەی تاران گیانی لەدەستدا.

رووداوەكە كاردانەوەی ناوخۆیی لێكەوتەوە، لە شەوی ١٧ی ئەیلول ٢٠٢٢ لە گەورە شارەكانی وەك تاران، ئەسفەهان، سنە، كرماشان، قوم و چەندین شاری دیكە هاوڵاتیان رژانە سەر شەقامەكان و بە دوشمی (ژن، ژیان، ئازادی) داوای تۆڵەكردنەوەی خوێنی ژینایان كرد.

دروشمی خۆپیشاندانەكانی ئێران

خۆپیشاندانەكان پەرەیان سەند و هەموو شارەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتەوە، هەر لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكاندا هێزەكانی پۆلیس و سوپای پاسداران رووبەرووی خۆپیشاندەران بوونەوە و لە چەندین شاری گەورەی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەیان كەس كوژران و بریندار بوون.

بەپێی ئامارەكانی سازمانی خەبات و دەزگای چاودێری وردی كۆماری ئیسلامی ئێران تەنها لە شەوی ١٧ی ئەیلول تا ١٩ی ئەیلول لە سەرتاسەری ئێران ٢٤ كەس بە گولە و لێدان و ئەشكەنجەی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژران، ئەوەش ئاڵۆزییەكانی ئێرانی زیاتر كرد.

زانیاریەكانی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ، كە یەكێكە لە رێكخراوە باوەڕپێكراوەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان تەنها لە یەكەمین هەفتەی خۆپیشاندانەكاندا لە رۆژهەڵاتی كوردستان ١٤ كەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراون و ٥٥ی دیکەش برینداربوون كە برینی هەندێكیان سەختە.

كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران كاردانەوەی لێكەوتەوە، لە سەرجەم وڵاتانی جیهان خۆپیشاندانی گەورە بۆ پشتیوانی لە ژینا ئەمینی و دژی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەكانی ئێراندا ئەنجامدرا و هاوڵاتیان دروشمی ژن، ژیان، ئازادیان دەوتەوە و دوایان لە ئەمریكا و وڵاتانی جیهان كرد دژی ئێران هەنگاوی كردەیی بجوڵێنن و رێگە نەدەن هاوڵاتیانی ئێرانی زیاتر ببنە قوربانی.

جیهان پشتیوانی ئێرانیەكان دەكات

هەریەكە لە ئەمریكا و بەریتانیا و كەنەدا و فەرەنسا و ئەڵمانیا ئیدانەی كوشتنی ژینا ئەمینیان كرد، داوایان لە كۆماری ئیسلامی كرد توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەكارنەهێنێت و رووبەڕووی هاوڵاتیان نەبێتە، لەو چێوەیەشدا چەندین سزای دیكەیان بەسەر ئێراندا سەپاند، لە تازەترین لێدواندا یەكێتی ئەوروپا دەڵێت، بەهۆی مامەڵەی خراپی حكومەتی ئێرانەوە هەموو پەیوەندییە دیبلۆماسیەكانیان لەگەڵ ئێران رادەگرن.

خۆپیشاندانەكان پێیان نایە هەفتەی دووەم و سێیەمەوە و تادەهات كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران زیاتر دەبوو، ئامارەكانی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ دەڵێت لە ماوەی سێ هەفتەی یەكەمدا تەنها لە رۆژهەڵاتی كوردستان ٣١ كەس كوژراون و زیاتر لە ٣٠٠ كەسیش بریندار بوون.

هەرچەندە خۆپیشاندان لە شارە گەورەكانی ئێران وەك تاران و قوم و شیراز و ئەسفەهان دامركانەوە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندان زیادیكرد، بە شەو ژنان و كچان دەهاتنە سەر شەقامەكان و دروشمیان دژی حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران دەوتەوە و حكومەت زیاتر رووبەروویان دەبوویەوە، كوشتن و برینداركردن رووی لە زیادبوون دەكرد.

بەپێی ئامارەكان، لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە تاكو ئەمڕۆ ١١٩ كەس كوژراون و ٢٠٠ هاوڵاتیش برینداربوون كە برینی زۆربەیان سەختە و ئەگەری گیان لەدەستدانیان هەیە و زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتیش زیندانیكراون..

بەپێی بەدواداچوونەكانی +٩٦٤ بۆ ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، تەنها لەم هەفتەیەدا، ٤٣ كەس لە شارەكانی سنە، كرماشان، دیواندەرە، دێگولان، كرماشان، هەورامان و شارۆچكەكان و گوندەكان بە گولەی راستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراون، هاوڵاتیان بە شەودا دێنە سەر شەقامەكان و بەرۆژ شار ئارامە و بە شەو رووبەرووی هێزە چەکدارەکان دەبنەوە.

ئاماری كوژرا و بریندارەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان

لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاماری كورشتنەكان بەم شێوەیەیە:

كۆی گشتی كوژراوەكان ١١٩ هاوڵاتی كوژراو

كۆی گشتی بریندارەكان زیاتر لە دوو هەزار کەس

گرتن و زیندانی كردن زیاتر لە پێنج هەزار کەس 

سنە ٢٠ كوژراو

بۆكان ١٥ كوژراو

مەهاباد ١٢ کوژراو

پیرانشار ٨ كوژراو

جوانڕۆ ٧ كوژراو

سەردەشت٢ كوژراو

ئیلام ١ كوژراو

مەریوان ٢ كوژراو 

دێگولان ٢ كوژراو

قوروە  ١ كوژراو

كرماشان ٧ كوژراو

شاباد ٥ كوژراو

ئەشنەویە ٥ كوژراو

ورمێ ٥ كوژراو

سەقز ٥ كوژراو

بانە ٤ كوژراو

دیواندەرە ٣ كوژراو

سەلیاسی باوەجانی ٣ كوژراو

سونغور ٣ كوژراو

كامیاران ٣ كوژراو

قوچان ٣ كوژراو

سەرپێڵی زەهاو ٣ كوژراو