گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵ لە شەنگال دۆزرایەوە

964+

فەهمی نەبی

ئەمڕۆ رێکخراوێکی ئیماراتی ویستویەتی بناغەی خوێندنگەیەک لە شەنگال لێبدات، ئێسک و پروسکی چەند کەسێک دەرکەوتوون، دواتر دەرکەوتووە ئەو شوێنە گۆڕی بەکۆمەڵە.

ژمارەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە شەنگال بۆتە 92 گۆڕ، لەو ژمارەیە 42 گۆڕ هەڵدراوەتەوە، لەو گۆڕانە 500 روفات بردراونەتە پزیشکی دادیی لە بەغدا و 162 روفاتیش دراونەتەوە کەسوکاریان.

ئەمڕۆ 8.5.2023 لە گەڕەکی ئازادی لەسەنتەری شەنگال ئەو گۆڕەبەکۆمەڵە دۆزرایەوە، کە رووفاتی چەندین ژن و منداڵی تێدابووە.

خەیری عەلی ئیبراهیم، بەڕێوەبەری رێکخراوی پێتریکۆر لە شەنگال (بۆ بە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی داعش)، بە 964ی وت “رێکارەکان بۆ دەرهێنانی رووفاتەکان دەستیپێکردووە، دوای تەواوبوونی رێکارەکان دەنێردرێن بۆ پزیشکی دادیی لە بەغدا”.

بەوتەی خەیری عەلی، تا ئێستا نازانرێت چەند رووفات لەو گۆڕەبەکۆمەڵە هەیە، بەڵام ئەوەی بەچاو بینراوە رووفاتی چوار کەس دەرکەوتووە.

ئەو شایەتحاڵانەی لە کاتی دۆزینەوەی گۆڕەکان لەو شوێنە بوون بۆ خەیری عەلی قسەیانکردووە، دەوترێت ئەو شۆفڵەی لەو شوێنە کاریکردووە چەند ئێسکێکی شکاندوە و دواتر بینراوە ئەوە ئێسکی مرۆڤە.

لە شەنگال چەندین تیم کار لەسەر لێکۆڵینەوە لە گۆڕەبەکۆمەڵەکان دەکەن، لەوانە وەزارەتی شەهیدانی حکومەتی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان، تیمی نیشتیمانی حکومەتی عێراق، پزیشکی دادوەری و دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکرنەوەی بەڵگەکانی جینۆساید لە دهۆک.

لەسەرەتای هێرشی رێکخراوی داعش لەساڵی 2014، هەزار و 293 هاوڵاتی ئێزدی لە شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری کوژران، هاوکات شەش هەزار و 425 هاوڵاتی ئێزدی رفێندراون و تا ئێستا بێسەروشوێنن.