125 میسقاڵ زێڕیان لێ دزی بوو

ئەوانەی دزیان لە ماڵی ژنە بە ساڵاچووەکە کردبوو دەستگیر کران

964+

توانا نەقی

ئەوانەی دزیان لە ماڵی ژنە بە ساڵاچووەکەی هەولێر کرد، ئاسایش دەستگیری کردن.

کەمێک پێش ئێستا ئاسایشی هەولێر، لە راگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی دزیکردن لە ماڵی ژنە بە ساڵاچووەکەی هەولێر راگەیاند.

رووداوی دزیکردنەکە رۆژی هەینی رابردوو 5.5.2023 روویداوە، لە گەڕەکی گوڵان دزی لە ماڵی ژنێکی تەمەن 67 ساڵ کرا کە بە تەنیا دەژیا.

وەک ژنەکە دوای زدزی لێکردنەکەی قسەی بۆ میدیاکان کرد، دەڵێت: 125 میسقاڵ زێڕیان بە کەتەر بە دەست و پێیەوە قرتاندووە و بردوویانە.

دوای دزی کردنەکە، ژنە بە ساڵاچووەکە تەندروستی تێکدەچێت و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

ئاسایشی هەولێر، لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: تیمەکانیان لە ئاسایش و پۆلیس دوای بەدواداچوون، بە فەرمانی دادوەر سێ تۆمەتباری رووداوی دزیکردنەکەیان دەستگیر کرد.

دەشڵێت: رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر و دەدرێنە دادگا.