لە کەرکوکیش هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکرا

964+
کاروان ساڵحی

تەندروستی کەرکوک تۆمارکردنی دوو حاڵەتی هەوکردنی مێشکی راگەیاند.

ئەوە یەکەمجارە لەم ماوەیەدا کە نەخۆشییەکە بەربڵاوە، لە شاری کەرکوک حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشک رابگەیەندرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 7.5.2023، تەندروستی کەرکوک حاڵەتەکانی ئاشکرا کرد.

دکتۆر سەباح نامیق لێپرسراوی بەشی تەندروستی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ی وت، توشبووەکان تەنیا دوو کەسن، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا منداڵن یان گەورە.

بە قسەی ئەو دکتۆرە، “پەتاکە ڤایرۆسیە و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە روودەدات، زۆربەی نەخۆشەکانیش خۆبەخۆ چاکدەبنەوە”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، جگە لە کەرکوک، تاوەکو ئێستا سەدان منداڵ وەکو توشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان تۆمارکراون.