ماتۆڕسوارێک لە سۆران

بە هاڕە هاڕ و جرت و فرت خەڵکی بێزار دەکرد؛ گیرا

شۆڕش قادری

لە سۆران ماتۆڕسوارێک بە هاڕە هاڕ و جرت و فرت خەوی لە هاوڵاتیان زڕاندبوو، پۆلیس دۆزییەوە و ماتۆڕەکەی لێ سەند، خۆیشی رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران وێنە و ڤیدیۆی ماتۆڕسوارەکەی داناوە و نووسیویەتی، لەسەر بڕیاری بەڕێوەبەری هاتوچۆ، بەشی هاتوچۆی ناوشار دەستی بەسەر ماتۆرسکیلێک داگرت، ئەو ماتۆڕسوارە هەڵدەستا بە کێبڕکێ و بێزارکردنی خەڵک و نمایشکردنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی هاتوچۆ.

هاتوچۆی سۆران دەستی بەسەر ماتۆڕەکەدا گرتووە و رێکاری یاسایی بەرامبەر ماتۆڕسوارەکە گرتووەبەر، داوایش لە شوفێران دەکات پابەندی رێنمایی و یاساکانی هاتوچۆ بن و نەبنە مایەی سەرئێشە و بێزاکردنی خەڵک.