"هێشتا هەڕەشەیە"
تەندروستی جیهانی کۆرۆنای لە لیستی فریاگوزاری دەرهێنا
964+
هێمن بەکر
تەندروستی جیهانی حاڵەتی فریاگوزاری لەسەر پەتای کۆرۆنا هەڵگرت، بەڵام هێشتا وەکو “هەڕەشەی جدی” مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
رێکخراوەکە لە رۆژی 11.3.2020 کۆرۆنای وەکو پەتایەکی جیهانی ناساند و حاڵەتی فریاگوزاری بۆ راگەیاند.
لەو رۆژەدا زۆرینەی وڵاتەکان فڕۆکەخانەکانیان بە رووی گەشتیاران داخست و کەرەنتینەی سەرتاسەری دەستیپێکرد
ئەمڕۆ هەینی، تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی جیهانی لە تویتەری خۆی نوسیویەتی، “بە راوێژی لیژنەی فریاگوزاری رێکخراوەکە کۆتاییهاتنی حاڵەتی فریاگوزاری پەتای کۆڤید-19 رادەگەیەنم”.
ئەو دەڵێت، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی جیهان بە فەرمی حەوت ملیۆن گیانلەدەستدان بە پەتاکە تۆمارکراوە، بەڵام ئەوە داتای حکومەتەکانە و “ئێمە دەزانین ژمارە درووستەکە نزیکە لە 20 ملیۆن”.
لە سەرەتای سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی کۆرۆنا، مرۆڤایەتی بە گشتی ترسی لێنیشت، نیگەران بوون لەوەی ئاخۆ تاوەکو کەی ئەو پەتایە بەردەوام دەبێت.
بۆ هەمیشە وەکو هەڕەشەیەکی جدی دەمێنێتەوە
دکتۆر ئەدهانۆم باسی لەوە کردووە، کە ڤایرۆسەکە هەمیشە وەکو هەڕەشەیەکی جدی دەمێنێتەوە و نابێت مرۆڤایەتی بە تەواوەتی پشتگوێی بخات.
بەگوێرەی ئاماری تەندروستی جیهانی، هێشتا رۆژانە زیاتر لە سێ هەزار کەس بە کۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن، ئەو ژمارەیە سێ ساڵ لەمەوبەر نزیکەی 100 هەزار بوو.
هەروەها تاوەکو ئێستا 13 ملیار ژەمە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بە مرۆڤەکان دراوە، کە تەندروستی جیهانی رێنمایی دەدات وڵاتان ئەو پرۆسەیە بەردەوامی پێبدەن.