دیمەنی ئەو دارانەی بڕیویانە
"زیانی زۆریان گەیاندووە"
پۆلیسی دارستانی گەرمیان: دوو دار بڕ دەستگیرکران
ئەحمەد مستەفا
پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان رایگەیاند، یاریدەدەرێتی ئاسایشی قۆرەتوو دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی خەریکی بڕینەوەی دار بوون، پاشان رادەستی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قۆرەتوو کراون.
بەگوێرەی راگەیەندراوی پۆلیسی دارستان، ئەو دوو تۆمەتبارە زیانی زۆریان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە و لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا، دەست بەسەر ئەو ئامێرانەدا گیراوە کە بۆ بڕینەوەی دارەکان بەکاریان هێناوە.
پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخراوە و رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەلار کراون بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قۆرەتوو جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوام چاودێری ناوچەکە دەکەن و ڕێگە بە هیچ جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر سروشت و ژینگە نادەن، هاوکات داوایان لە هاوڵاتییان کرد هاوکار بن لە پاراستنی دار و درەختەکان و ژینگەی ناوچەکەدا.