چاڵەكانی رێگەی كەركوك بۆ هەولێر پڕكرانەوە

964+
كوردستان ئەحمەد
ئەمڕۆ شارەوانی هەولێر بە هاوكاری هاتوچۆ چاڵەكانی رێگەی هەولێر كەركوكی نۆژەنکردەوە و هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك كۆمەڵێك وێنەی بڵاوكردووەتەوە و نوسیویەتی، هەڵمەتێكمان دەستپێكردووە بۆ پڕكردنەوە و چاككردنەوەی چاڵەكانی رێگەی هەولێر بۆ كەركوك.

لە وێنەكاندا دەردەكەوێت، چاڵەكان لە رێگەی چیمەنتۆوە پڕدەكرێنەوە، سەرەتا پاكدەكرێنەوە و دواتر چاڵەكان لە رێگەی كرێكارەكانەوە پڕدەكرێنەوە.

لە سەرەتای شەقامەكە لە سایدی هاتن بۆ هەولێر چەندین چاڵ پڕكراونەتەوە، لە سایدی رۆشتنیش بەهەمان شێوە چاڵەكان پڕكراونەتەوە.

بەشێك لە چاڵەكان دەكەونە سەر شەقامی 120 مەتری لە سەر رێگەی كەركوك.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هەڵمەتێكیان بۆ پاككردنەوە و نۆژەنكردنەوە و هێڵكاری و قیرتاوكردنی شەقامەكانی هەولێر و دەورووبەری راگەیاندووە، لە قەزا و ناحیەكانیش بەردەوام دەبێت.