شەوی هەینی 56 مانگی دەستکردی ستارلینک بە ئاسمانی کوردستانەوە بینران

964+

فەهمی نەبی

شەوی هەینی لە بەشێکی زۆری ئاسمانی کوردستان زنجیرەیەک مانگی دەستکرد بە ئاسمانەوە بینران، کۆمپانیای سپەیس ئێکس کە خاوەنداریەتی کۆمەڵە مانگی دەستکردی ستارلینک دەکات، خاوەنداریەتی ئەو مانگە دەستکردانەی بڵاوکردەوە.

ماڵپەڕی space ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، کۆمپانیای سپەیس ئێکس بەسەرکەوتوویی توانیویانە موشەکی فالکۆن 9 هەڵدەن بۆ ئاسمان کە 56 مانگی دەستکردی ستارلینکی هەڵگرتبوو.

موشەکی فالکۆن 9 بەرەبەیانی دوێنێ کاتژمێر 3:31 خولەک بە کاتی ئەمریکا لە وێستگەی کیپ کاناڤێرالی ئەمریکا هەڵدراوە بۆ ئاسمان.

کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئەمریکی کە خاوەنداریرتیەکەی بۆ سەرمایەداری ئەمریکی ئیلۆن مەسک دەگەڕێتەوە، لە ساڵی 2018-ەوە زیاتر لە چوار هەزار مانگی دەستکردی هەڵداوە بۆ ئاسمان، ئەمەش لەپێناو دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێتی خێرای بێ تەل.

دوای ئەوەی موشەکی فالکۆن 9 هەڵدرا بۆ ئاسمان و مانگە دەستکردەکانی ستارلینکی لێجیابۆتەوە، دوای هەشت خولەک و پێنج چرکە پاشماوەی موشەکە هەڵدراوەکە کەوتۆتە نێو زەریای ئەتڵەسی لە کەناراوەکانی فلۆریدا.

کۆمپانیای سپەیس ئێکس، لە بەرنامەیدایە 42 هەزار مانگی دەستکرد هەڵداتە بۆشایی ئاسمان بە دووری 10 کیلۆمەتر.