وەبەرهێنانی دهۆک مۆڵەتی مانگێک دەداتە پیشەوەران
+964
عەمار عەزیز – دهۆک
بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی دهۆک، موڵەتی مانگێک دەداتە ئەو پیشەوەرانەی دوکانیان هەیە لە پیشەسازی تازەی ئاڵوکا، ئەگەر لەو ماوەیەدا دوکانەکانیان نەکەنەوە، ئەوا لێیان وەردەگیرێتەوە.
فەلاح حەجی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی دهۆک، بە 964ی وت، “چەند مانگێکە پرۆژەکە تەواوبووە وهیچ کێشەی نییە، کەچی زیاتر لە نیوەی پیشەوەران تا ئێستا دوکانەکانیان نەکردووەتەوە”.
بە وتەی فەلاح حەجی، ئەو وەبەرهێنەرەی کە دوکانەکانی دروستکردووە، تەنیا پارەی دروستکردنی لە پیشەوەران وەرگرتووە و “یەک دینار قازانجی نەکردووە”.
“یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە ئەو کەسە ئامادەبێت بچێتە شوێنە تازەکە و لەوێ ئیشی خۆی بکات، نەک لە شوێنێکی دیکە دوکانێکی تازە بکاتەوه”، فەلاح حەجی وای وت.
شوێنە تازەکە لە ئاڵوکایە، کە نزیکەی سێ کێلومەتر دوورە لە پیشەسازی کۆن و دەکەوێتە باشووری دهۆک، کە پێی دەوترێت “کۆمەڵگای پیشەسازی نوێی ئۆتۆمبێل”.
لە مانگی 10ـی ساڵی 2019 دەستکراوە بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، لەسەر رووبەری زیاتر لە 360 دۆنم زەوی دروستکراوە و زیاتر لە دوو هەزار دوکان و شوێن لە پرۆژەکەدا هەن.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر