دانیشتووانی خانکێ حەسانەوە و ئیدی بۆ کارەبا ناچنە سێمێل

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

بنکەی چاککردنەوەی کارەبا بردرایە ناحیەی خانکێ و ئیدی خەڵکەکەی بۆ چاککردنەوەی تێکچوونی کارەبایەکەیان چاویان لە دەستی کارەبای قەزای سێمێل نییە.

ناحیەی خانکێ کە ژمارەی هاوبەشانی دوو هەزار و 644 هاوبەشە، 15 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای سێمێل دوورە، بۆ تێکچوونی کارەبایەکەیان بە ناچاری دەبوو چاوەڕوانی یەکەی چاککردنەوەی کارەبای سێمێل بکەن بۆ ئەوەی بۆیان چاک بکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4.5.2023، بە فەرمی بنکەی چاککردنەوەی کارەبا لە ناحیەی خانکێ کرایەوە، بەمەش ئیدی ئەو دوو هەزار هاوبەشە دەحەسێنەوە.

نزار سلێمان، بەرپرسی بنکەی کارەبای خانکێ بە 964ـی وت، بوونی وەها بنکەیەک سوودێکی یەکجار زۆر دەگەیەنێت، پێشتر ئەگەر کێشەیەکی کارەبا رووی بدایە بەلایەنی کەم 20 تاوەکو 30 خولەکی پێدەچوو تاوەکو تیمەکانی چاککردنەوەی کارەبای سێمێل بگەیشتبووان، ئێستا بنکەکە لێرەیە و دەستبەجێ دەچن و چاکی دەکەنەوە.

دەشڵێت: بنکەکە هەموو پێویستییەکی چاککردنەوەی کارەبای تێدایەم وەک کێبڵ و فیدەر.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق