لافاو زیانی پێگەیاندبوون

‬ئاکرێ پێنج پرد نۆژەن دەکاتەوە

964+

زەید کۆچەر-ئاکرێ

دوای شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەکەی ناوەڕاستی مانگی رابردوو، لە قەزای ئاکرێ پێنج پرد بە تەواوی زیانیان پێگەیشت، شارەوانی بڕیاریداوە ئەو پردانە نۆژەن بکاتەوە.

قەزای ئاکرێ لە 14.4.2023 بەرزترین رێژەی بارانبارینی لێ تۆمارکرا لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆکدا.

بڵند رەزا زوبێر، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ بۆ 964 وتی، بەهۆی لافاوەوە جگە لە زیان کە بەر خانوو و دوکانەکانی ئەو قەزایە کەوت، پێنج پرد بەتەواوی زیانیان پێگەیشتووە.
بەگوێرەی زانیاری شارەوانی ئاکرێ، ئەو پردانەی زیانیان پێگەیشتووە لە گەڕەکەکانی ئۆمەرخۆشا، ئاکەهیێ، ئاکرێی کۆن، گەلی عەبدولعەزیز و چوستە بوون.

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ئەوەشی وت “ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لەسەر ئەرکی شارەوانی بە گوژمەی 20 ملیۆن دینار دەبێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکات و نۆژەنکردنەوەی 10 رۆژ دەخایەنێت”.

دوای ئەوەی لە چەند گەڕەکێکی قەزای ئاکرێ لافاو دروستبوو، زیانەکان بە 53 ملیۆن دینار خەمڵێندران، هاوکات نووسراوێک لە قایمقامییەتی ئاکرێ ئاراستەی پارێزگای دهۆک کراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ماڵ و دوکانانەی زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەو نووسراوە نەدراوەتەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی