وەزیر دەڵێ نوسراویش نەهاتووە
هەرێمی کوردستان ئاپی تێلیگرامی رانەگرتووە
رێباز یونس – هەولێر
هەرێمی کوردستان تێلیگرامی رانەگرتووە و وەزیری گواستنەوەش کە عایدی ئەو بابەتەیە دەڵێ، هیچ نوسراوێکی فەڕمییان بۆ نەچووە، ئەگەر بۆشیان بچێ تاوتوێی ئەکەن و دوای ئەوە بڕیاری خۆیان دەدەن.
ئەوە لە حاڵێکدا، بە بیانووی گرفتی ئەمنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق مۆڵەتی 30 رۆژی داوە بە کۆمپانیاکە تا گرفتەکن چارەسەربکات.
ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە 964ی وت، تا ئێستا هیچ نوسراوێکی فەرمیمان بە دەست نەگەیشتووە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە سەبارەت بە داخستنی پلاتفۆڕمی تێلیگرام.
ئەو باسی لەوەکردووە، هەرکاتێک نوسراومان بەدەست گەیشت بەپێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2011 وەزارەت بڕیاری لەسەر دەدەین و بڕیارەکەش هەرچی بێت لەسەر بەرژەوەندی گشتی دەبێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا