هەولێر

دوای لافاوه‌كه‌ هێشتا چەند ئۆتۆمبێلێک لە شوێنی خۆیاندا ماونەتەوە

رێباز یونس

دوای تێپەربوونی حەوت رۆژ بە سەر لافاوەکەی هەولێر لە گەڕەکی سێبەردان چەند ئۆتۆمبێلێک هەر لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە و هەڵنەگیراونەتەوە، زیانی زۆریان بەرکەوتووە بە کەڵکی ئه‌وه‌ نه‌ماون جارێكیتر به‌کاربهێنرێنه‌وه‌.

زریان روونگۆڕ یه‌كێكه له‌وانه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به‌ كه‌ڵكی هیچ نه‌ماوه‌، ئه‌و بە 964ی وت، “ئۆتۆمبێڵەکەم لە بەردەم روونگۆڕییەکەم وەستاندبوو، لەگەڵ لافاوەکە سێ کیلۆمەتر رۆیشتبوو”.

دەشلێت، ئۆتۆمبێلەکەم بایی 2800 دۆلار بوو (28 وەرەقە)، بەلام ئێستا دەبێت بە ئاسن بیفرۆشمەوە.

کامەران، زەرەرمەنێکی تری لافاوەکەیە، کە ئۆتۆمبێلەکەی کەڵکی بەکارهێنانی نەماوە و له‌سه‌ر شه‌قامی گه‌ڕه‌كی سێبه‌ردان له‌سه‌ر پشت فڕێدراوه‌، ئه‌ویش بە 964ی وت، ئیشی کرێ و حەمبالیم بە ئۆتۆمبێلەکەمەوە دەکرد و لە ناو بازار کەلوپەلم دەگەیاند بۆ هاولاتیان، به‌ڵام ئێستا بێ ئۆتۆمبێل مامه‌وه‌.

وتیشی، کارتی نیشتیمانی و کارتی زانیاری و سەنەوی و چەندین کەلوپەلی تری ئۆتۆمبێلەکەم لەگەل ئاو رۆیشتن.

ئۆتۆمبێلەکەم به‌ 150 گه‌ڵا كڕیبوو، به‌ڵام ئێستا وێران بووە.

سه‌باره‌ت به‌و ئۆتۆمبێلانه‌، 964 په‌یوه‌ندی به‌ لیژنه‌ی تۆماركردنی ئۆتۆمبێله‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان كرد، كه‌ سه‌ر به‌ ناوەندى قەیرانەکانە، ئەوانیش رایانگەیاند، کە ئۆتۆمبێلەکان تۆمارکراون و خەمڵاندن بۆ زیانەکانیان دەکرێت، ئەوانەشی کە تۆمار نەکراون پێویستە پەیوەندی بە لیژنەی تۆمارکردن بکەن و زانیارییەکانی خۆیان تۆمار بکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا