کەنەدا و رێکخراوێک دروستیان کردووە

تەندروستیی سلێمانی: نەخۆشخانەیەک بەبێ کارمەند کرایەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

سەنتەری چاودێریی چڕی کۆئەندامی هەناسە، کە لەسەر بودجەی حکومەتی کەنەدا و رێکخراوی UNDP دروستکراوە، لە شاری سلێمانی کرایەوە، تەندروستی شارەکەش دەڵێت، سەنتەرەکە هیچ کارمەندێکی نییە.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیچ کارمەندێک بۆ سەنتەری چاودێریی چڕی کۆئەندامی هەناسە دانەمەزراوە و سەنتەرەکە بەبێ کارمەند کراوەتەوە.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی وتیشی، حکومەتی هەرێم بە پێی پێویست داواکارییەکانیان بەهەند وەرناگرێت.

بە پێی راگەیەندراوێکی تەندروستی سلێمانی، کە لە فەیسبووکی خۆیان بڵاویان کردووەتەوە، حکومەتی کەنەدا و رێکخراوی UNDP نزیکەی چوار ملیار دیناریان بۆ دروستکردنی سەنتەرەکە خەرج کردووە.

“[سەنتەرەکە] بیست بێدی چاودێریی وردی تێدایە و هەموو ئامێر و کەرەستە پزیشکییە پێویستەکانی بۆ دابینکراوە”، تەندروستی سلێمانی وا دەڵێت.