وریای لافاو بن

964+

هێمن بەکر – هەولێر

بەگوێرەی کەشناسی لە سبەینێ پێنجشەممەوە بارانی بەخوڕ دەبارێت، بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاویش دەڵێت، “وریای لافاو بن”.

بەشی پێشبینی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێدەکات، بەڵام لە سبەینێ پێنجشەممەوە، بە تایبەت لە شەوەکەیدا، بارانەکە خێراتر دەبێت.

بە دیاریکراوی ئاماژەی بەوەکردووە، “سبەی پێنجشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، پاشان دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، لە کاتەکانی شەودا بارانبارین دەست پێ دەکات لە زۆربەى ناوچەکانی هەرێمی کوردستان”.

لەلایەکی دیکە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە، ئەگەری هەیە بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانەوە، ئاستی ئاوی رووبار و چە‌مەكان بەرزببنەوە و لافاو دروست ببێت.

ئەو بەڕێوەبەرایەتیە داوا لە هاوڵاتیان دەکات، بە تایبەت ئەوانەی خانووەکانیان نزیک بە رووبار و کانی و چەمەکانە، ئاگادار بن و ئامادەکاریی خۆیان بکەن.

بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، رۆژی شەممەش بارانبارین بەردەوام دەبێت، بەڵام رۆژی یەکشەممە کاریگەری شەپۆلەکە کۆتایی دێت.