دیمەنی نەخۆشخانەی گشتی ئاکرێ، وێنە: 964
هۆڵەکان حازرن بۆ نەشتەرگەری بەڵام پزیشکی بێهۆشکەری لێنییە
+964
عەمار عەزیز_دهۆک
نزیکەی دوو هەفتەیە پێنج هوڵی نەشتەرگەری لە ئاکرێ بە تەواوی ئامادەکراون بۆ نەشتەرگەری، ئەوەش دوای نۆژەنکردنەوەیان لەلایەن رێکخراوی GIZ ی ئەڵمانی
لە ئاکرێ دوو نەخۆشخانەی گشتی و گەورە هەن، یەکێکیان نەخۆشخانەی منداڵ بوون و ژنانە ئەوەی تر نەخۆشخانەی گوڵان، هەردووکیانیش بەشی فریاکەوتنیان هەیە.
نێچیرڤان فەخرەدین، وتەبێژی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە 964ی وت” نزیکەی دوو هەفتەیە نۆژەنکردنەوەی پێنج هۆڵی نەشتەرگەری تەواو بووە و بە هەموو پێداویستییەکانیەوە ئامادەکراون بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بەڵام بەهۆی نەبوونی پزیشکی بێهۆشکەر نەکراونەتەوە، داوامان لە تەندروستی دهۆک کردووە کە پزیشکێکی پسپۆرمان لە بواری بێهۆشکردن بۆ بنێرن ”
نێچیرڤان فەخرەدین وتیشی، “لە ئێستادا تەنیا نەشتەرگەری بۆ حاڵەتی لەناکاو بۆ نموونە رووداوی هاتوچۆ دەکرێن، لەگەڵ نەشتەرگەری هەناوی و ئێسک، جگە لەمانە ئەوانەی تر هەموویان لە سنووری قەزای ئاکرێ ناکرێن”
“ماوەیەک پێش ئێستا پزیشکێکی ئێمە کە پسپۆری بێهۆشکەر بوو وازی لە دەوام هێنا ،ئێستا تەنیا سێ پزیشکی بێهۆشکەرمان هەیە ئەوەش بەش ناکات”نێچیرڤان فەخرەدەین وای وت