جێگە نەماوە و پێویستیان بە کارمەندە

هاوارێک لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانییەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان پڕبووە لە منداڵ و جێگە نەماوە. بەڕێوەبەرەکەی هاواری لێهەستاوە و دەڵێت، لە تواناماندا نەماوە.

نەخۆشخانەکە دوو هۆڵی تری هەیە، کە جێگەی 60 منداڵی دیکە دەبێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە ناتوانن بیکەنەوە.

چوار ساڵە هاوار دەکەم تکایە کارمەند و پەرستارم بۆ دابمەزرێنن، بەڵام دەڵێن حەزی لە خۆدەرخستنە. ئەوە وتەی پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانە لە شاری سلێمانی.

ئەو پزیشکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، “دوو هەفتەیە کارمەندان و پەرستارانمان هاوار دەکەن توانامان نەماوە، چونکە بە سێ کارمەند دەبێت چارەسەری سەرو 50 نەخۆش بکەن”.

ماوەی مانگێک زیاترە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لەناو منداڵانی بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم ئاشکرا کراوە و بە پێی وتەی پزیشکان، حاڵەتەکان لە زیادبووندان.