وەبەرهێنانی سلێمانی بڕیارەکەی داوە
هەر پڕۆژەیەک بێ مۆڵەتی دەستبەکاربوون کار بکات سزا دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بەبێ گرێبەستی سەرپەرشتیکردن و مۆڵەتی دەستبەکاربوون، هەر پڕۆژەیەک دەستبەکار بکات بە زیادەڕۆیی بۆیان هەژمار دەکرێت و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بڕیارەکە هی وەبەرهێنانی سلێمانییە.
تۆڕی 964 لە زاری سەرچاوەیەکی وەبەرهێنانی سلێمانییەوە زانیویەتی، چەند پڕۆژەیەک بێ دەستبەکاربوون کاریان کردووە و بەشێک لە پڕۆژەکانیش، کە فراوانبوونیان کردووە، بە مۆڵەتە کۆنەکە کاریان کردووە، لە کاتێکدا پێویستە مۆڵەتی دەستبەکاربوونی نوێ بۆ فراوانبوونی پڕۆژەکەیان وەربگرن.
لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمدا، 53 پرۆژەی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی مۆڵەتیان پێدراوە و بەهاکەیان زیاتر بووە لە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.
بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لە نووسراوێکیدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 2.5.2023 بڵاویکردووەتەوە و رێکەوتی 27.4.2023ـی بەسەرەوەیە رایدەگەیەنێت، هەر پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لە هەر سێکتەرێکدا بێت، بەبێ گرێبەستی سەرپەرشتیکردن و مۆڵەتی دەستبەکاربوون لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە، بۆیان نییە دەستبەکار بکەن.
لە نووسراوەکەدا، کە ئاراستەی پڕۆژەکان کراوە، ئەوەش هاتووە، “لە ئەگەری دەستپێکردن پێش ئەو دوو گرێبەستە، کارکردنەکەیان بە زیادەڕۆ هەژمار دەکرێت و بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکات”.