حزبی دێموکرات داوای ناوچەی دژە فڕین لە ئەمەریکا دەکات

لە ماوەی مانگێک چوارجار هێرش دەکرێتەسەریان

 

+964

 

بەدواداچوونی فەرمان سادق

حزبی دیموکراتی کوردستان، داوا لە ئەمەریکا دەکات ناوچەی دژە فڕین دابنێت، ئەو هەڵوێستەی ئەوان دوای پێنج هێرشی درۆنی و موشەکی ئێران دێت بۆ سەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

 

محەمەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان – ئێران، دەڵێ؛ ئەو هێرشەی شەوی ٢٠ـی ئەم مانگە کرایەسەر بارەگاکانی حزبی دیموکرات لە کۆیەو جێژنیکان، درێژکراوەی هێرشەکانە کە لەماوەی یەک مانگدا ئەوە سێیەم جارە هێرش بکاتەسەر بارەگاکانی دیموکرات.

“بە پاساوی بوونی ئێمە، ئێران نا سەقامگیری دروستکردووە لە باشووری کوردستان و سەروەری حکومەتی هەرێم بەردەوام پێشێل دەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە کە رژێم لە پێگەی حزبی دیموکرات لەناو رۆژهەلاتی کوردستان دەترسێت، لە کاریگەری ئێمە دەترسێت کە ماوەی سێ مانگە نارەزایەتی لەناو ئێران دژ بە رژێم دەستی پێکردووە”. محەمەد ساڵح قادری وای وت، باسی لەوەشکرد کە دیوێکی تری ئەو هێرشانە گواستنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی ئیرانە بۆ دەرەوە، بەتایبەت هەرێمی کوردستان کە دەزانێ حزبەکانی رۆژهەڵات بەتایبەت حزبی دیموکرات چەندە کاریگەری لەسەر خەڵک هەیە.

 

“ئەگەر لەسەر ئەمە ئێران نەوەستێنرێت، ئەوا لە داهاتوودا هەر لە رێگەی هێزەوە ئامانجی تریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی دەهێنێت”

کاتژمێر ١٢ـی شەوی ٢٠ـی ئەم مانگە، کۆماری ئیسلامی ئێران بەچوار موشەک هێرشی کردەسەر بارەگاکانی حزبی دیموکرات لە قەزای کۆیە، هاودەم بە دوو درۆنیش هێرشی کردەسەر کۆمەڵگەی دیموکراتەکان لە جێژنیکان کە گوندێکی سەر بە ناحیەی بەحرکەیەو زیاتر لە ١٥ کیلۆمەتر لەسەنتەری شاری هەولێر دوورە.

 

بە قسەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی دیموکرات، پێشتر زانیارییان هەبووە لەسەر هێرشەکە، بۆیە هەوڵیانداوە خەڵکەکە هەردوو کەمپەکە چۆڵ بکەن، دەڵێ؛ ئەمە هۆکار بوو لەو هێرشەدا زیانی گیانی نەبێت جگە لە “شەهیدبوونی” یەک پێشمەرگە نەبێت.

 

محەمەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان – ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە کە حزبی دیموکرات چەکی بە قاچاغ رەوانەی کوردستانی رۆژهەڵات کردبێت، دەڵێ؛ حزبەکانی رۆژهەڵات پابەندن بە رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هئچ کاتێکیش خاکی هەرێمی کوردستانمان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆمان بەکار نەهێناوەو رێزمان لە یاسا بەرکارەکانی هەرێم گرتووە، وتی “دەیەوێت بەو پاساوە شەرعیەت بدات بە هێرشەکانی، تەنانەت داوامان لە کەسوکاری خۆمان لە رۆژهەڵات کردووە کە خۆپیشاندانی هێمنانە بکەن، بەڵام رژێم دەیەوێت ئاراستەی خۆپیشاندانەکە بەرەو توندوتیژی ببات”.

 

لەبارەی ئەو پەیامەی ئێران کە بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی داوەو، داوا دەکات کە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەک دابماڵدرێن، محەمەد ساڵح قادری، دەڵێ؛ ساڵانێکە هیچ حزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی چەکداری دژی رژێم نەکردووە.

“ئەوەی رژێمی ئێران داوای دەکات کە باشووری کوردستان جێبهێڵین، ئێمە نە لە کۆیە دەردەچین و نە باشووری کوردستانیش جێدەهێڵین، واقعی ژیانی ئێمە پێش دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی سیاسی نێودەوڵەتی بووە کە دەبێت ئێمە پارێزراو بین لێرە”. محەمەد ساڵح قادری وادەڵێ.

 

محەمەد ساڵح قادری؛ بە فەرمی داوامان لەو وڵاتە کردووە کە ناوچەی دژە فڕین دابنێت بۆ پارستنی خەڵکی ئێمە لەو موشەکانە

لە ماوەی سێ مانگی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی دوای شەهیدبوونی ژینە ئەمینی، تا ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ـی تشرینی دووەم، کۆماری ئیسلامی ئێران پێنج جار هێرشی موشەکی و درۆنی کردووەتە سەر بنکەو بارەگاکانی حزبی دیموکرات لە کۆیە، لە جێژنیکان لە سنووری ناحیەی بەحرکە لە هەولێر، هەروەها پارتی ئازادی کوردستان لە شێراوەی باشووری هەولێرو  کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان لە گوندی زڕگوێز لەسنووری قەزای قەرەداغ لە شاری سلێمانی.

بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران، جەخت لە بەردەوامبوونی هێرشەکانیان دەکەن، هاوکات دوای هێرشەکەی شەوی ٢٠ـی ئەم مانگە، ئەمەریکاو بەریتانیاو ئەڵمانیا، ئیدانەی هێرشەکایان کرد.

 

محەمەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان – ئێران دەڵێ؛ ئەمەریکا لەو پێگەیەدا نیە ئیدانەی بکات، بۆیە بە فەرمی داوامان لەو وڵاتە کردووە کە ناوچەی دژە فڕین دابنێت بۆ پارستنی خەڵکی ئێمە لەو موشەکانە. وتی “هێرشەکانی ئێران، تەنیا سەروەری خاکی هەرێمی کوردستانی نەبەزاندووە بەڵکو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەشی شێواندووەو مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگری بکات لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی کە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکانی خۆی ئەنجامدەدات، سزای زیاتر بخاتە سەر ئێران، بەتایبەت لەسەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران کە دەچێتە خانەی کۆمەڵکوژی و بە موشەکی بالیستی قەدەغەکراویش هێرش دەکاتە سەر ئێمە لە باشوور”.

زیاتر وتی “ئەگەر لەسەر ئەمە ئێران نەوەستێنرێت، ئەوا لە داهاتوودا هەر لە رێگەی هێزەوە ئامانجی تریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی دەهێنێت”.